نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی تۆمارکرد

هەرچەندە نرخەکانی نەوت لە رۆژی هەینی، دوایین رۆژی مامەڵەکانی هەفتە گۆڕانکاری کەمیان بەخۆوە بینی، بەڵام لە ئاستی هەفتانە نرخی نەوت لە یەکەم هەفتەی کردنەوەی بازاڕەکان لە 2023 دا دابەزینی بەخۆیەوە بینی. نرخی زێڕیش بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی 7 مانگی رابردوودا بەرزبووەوە.

نرخی نەوت رۆژی هەینی لەلایەکەوە کاریگەریی راپۆرتی بازاڕی کاری ئەمریکای لەسەر بوو کە نرخەکانی بەرەو بەرزبوونەوە هاندەدا، بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان گوشاری لەسەر نرخەکانی نەوت دادەنا.

نرخی نەوتی برێنت رۆژی هەینی 12 سەنت دابەزی و بە 78 دۆلار و 57 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 10 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 73 دۆلار و 77 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بەڵام لە هەفتەی رابردوودا نرخی نەوت لە ئاستی هەفتانە بە رێژەی 8٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی کە هۆکارەکەشی ئەو سستبوونەوەیەیە کە ئەگەری هەیە لە ئابووریی جیهان لە 2023 رووبدات و ئەمەش بازرگانانی نەوتی نیگەران کردووە کە ببێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی خواست لەسەر ئەو کاڵا ستراتیژییە.

ستێفن برینۆک، شارەزای بازاڕی وزە سەر بە کۆمپانیای (پی ڤی ئێم) رایگەیاند، “ئاسۆی ئابووریی جیهان تەمومژاوییە. بۆیە لە کورتخایەندا ئەستەمە نرخی نەوت بەرزبێتەوە.”

نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی 7 مانگی رابردوودا بەرزبووەوە

براوەی رۆژی هەینی لە بازاڕەکاندا، نرخی زێڕ بوو کە بە رێژەی کەمێک کەمتر لە 2٪ بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی 7 مانگی رابردوودا.

نرخی هەر ئۆنسە زێڕ لە دوایین ساتی داخستنی بازاڕەکاندا لە رۆژی هەینی بە رێژەی 1.9٪ بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەکی بە 1867 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

بەگشتی نرخی زێڕ تێکرای هەفتەی یەکەمی بازاڕەکان لە 2023 دا بە رێژەی 2.1٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

هۆکاری بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ بۆ ئەو گریمانانە دەگەڕێتەوە کە رەنگە بانکی ناوەندیی ئەمریکا هێندە پێداگر نەبێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە کۆبوونەوەی مانگی داهاتووی خۆیدا. ئەمەش دوای ئەوەی کە دوایین راپۆرتی بازاڕی کاری ئەمریکا کە رۆژی هەینی لەلایەن وەزارەتی کاری ئەمریکا بڵاوبووەوە ئاماژە بە ساردبوونەوەی بازاڕی کاری ئەمریکا دەدەن.

دەیڤید مێگێر، بەڕێوەبەری بەشی کانزاکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (های ریج فیوچەرز) رایگەیاند، “رۆژی هەینی کە ئامارەکانی بازاڕی کار بڵاوبوونەوە، ئامارەکان دەریانخست کە بازاڕی کار بە بەهێزی ماوەتەوە، بەڵام رێژەی زیادبوونی مووچەکان کەمیکردووە. کەمبوونەوەی رێژەی زیادبوونی مووچەکان بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کانزای زێڕ.”