بەهای لیرەی تورکی زیاتر دادەبەزێت

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا بەهای دۆلارێک گەیشتە 18.83 لیرە کە ئەوەش نزمترین ئاستییەتی لە مێژوودا.

بەهای لیرەی تورکی لە مامەڵەکانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (2ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، ئاستێکی نوێی لە داکەوتن تۆمارکرد، بەمەش لە ساڵی نوێدا گەیشتە کەمترین ئاستی لە مێژوویدا.

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا بەهای دۆلارێک گەیشتە 18.83 لیرە کە ئەوەش نزمترین ئاستییەتی لە مێژوودا، دواتر کەمێک بەرزبووەوە و هەر دۆلارێک گەیشتە 18.79 لیرە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە رۆژی سێشه‌ممه‌ (27ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)،  بەهای دۆلارێک گەیشتە 18.82 لیرە کە کەمترین ئاستی بوو لە ساڵی رابردوودا تۆماریکردبێت.

هۆکاری سەرەکی داکەوتنی بەهای لیرەی تورکی بۆ سیاسەتی دابەزاندنی نرخی سوو لە وڵاتەکە دەگەڕێتەوە، کە بە درێژایی ساڵی رابردوو لە سەدا 19ـەوە بۆ سەدا 10 دایبەزاند، ئەوەش پێچەوانەی ئاراستەی سیاسەتی بانکەکانی دیکەی ناوەندی وڵاتانە کە بۆ بەهێزکردنی دراوەکانیان پەنا بۆ بەرزکردنەوەی نرخی سوو دەبەن.