بۆ ڕێگریی لە بردنە دەرەوەی دۆلار و بەرزبوونەوەی بەهای دینار، ڕێکاری جیاواز دەگیرێتە بەر

لەوەتەی دینار هەیە بەهاکەی هێندەی دوو هەفتەی ڕابردوو نزم نەبووە و ئەمەش نیگەرانی لێ کەوتووەتەوە و چاوەڕوان دەکرێ ڕێکارە داراییەکان بەم زووانە ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی بەهای دینار. ئەوەی لە عێراق ڕوو دەدات هیچ پێوەندییەکی بە پاشەکشەی ئابووریی و دابەزینی داهات نییە، بەڵکوو پێوەندی بە کارگێڕیی و چاودێریی داراییەوە هەیە.

کێشەکە دوای ئەوە سەری هەڵدا، کە ئاشکرا بوو بە قەبارەیەکی زۆر دۆلار بۆ دەرەوە گواستراوەتەوە و هەر زوو چالاکیی کۆمەڵەک بانک وەستێنرا. ڕۆژنامەکانی عێراق بڵاویان کردەوە کە حکوومەتی ئەمەریکا بە ڕەزامەندی حکوومەتی عێراق، لە پلانیدایە سزای زیاتری ئەو بانکانە بدات کە لە سپیکردنەوەی پارە و بردنە دەرەوەی سامانی گشتیی عێراق ڕۆڵیان هەبووە.
بڕیارە ئەمەریکا شازدە بانکی تایبەتیی عێراق سزا بدات کە دۆلاریان بۆ وڵاتانی ئێران، سووریا، ئوردن و تورکیا گواستووەتەوە، ئەو سزادانەش تەنانەت لە لایەن حکوومەتی محەمەد شیاع سوودانی و لایەنەکانی شیعە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێشوازی لێ کراوە هەرچەندە هەندێک سەرچاوەی تر لە نێو لایەنەکانی شیعە بەدرۆیان خستووەتەوە.
پێشبینی دەکرێ هەر لەسەرەتای ساڵی نوێوە دەست بە جێبەجێکردنی سزاکان بکرێت. بەدواداچوونەکان دەریان خستووە ئەم شازدە بانکەی بڕیارە سزایان بەسەردا بسەپێنرێت، تەنیا لە یەک هەفتەدا پتر لە سەد ملیۆن دۆلاریان بۆ دەرەوە گواستۆتەوە و گواستنەوەکەش بە شێوەی قاچاغ کراوە. دەگوترێ هەندێک هەفتە پتر لە دووسەد وپەنجا ملیۆن دۆلاریان بۆ دەرەوە ناردووە و کۆی ئەو پارەیە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێنرێت.
هەر زوو چالاکیی کۆمەڵێک بانکی تایبەتی وەستێنرا و حکوومەتی ئەمەریکاش ناردنی دۆلاری بۆ بانکی ناوەندیی عێراقی کەم کردەوە و لە ماوەی لانی کەم دوو هەفتەی ڕابردوو لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دۆلار کەمبوو و بەرزبوونەوەی داخوازی لەسەر دۆلار بەرانبەر کەمیی خستنەڕووی، نرخەکەی بەرز کردووەتەوە.
هەفتەی ڕابردوو نرخی هەر سەد دۆلار تا نزیکەی سەد و شەست هەزار دینار گۆڕانی بەسەردا هات بەڵام دواتر بەهۆی گرتنەبەری هەندێک ڕێوشوێن، چ لە لایەن بانکی ناوەندی و چ لە لایەن حکوومەتی عێراق نرخەکەی تا ڕادەیەک ئاسایی بووەوە و لە کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە نرخی سەد دۆلار بە زیاتر لە سەد وپەنجا و سێ هەزار دینار ئاڵوگۆڕ دەکرێت.
یەکێک لەو گومانانەی لە حکوومەتی نوێی عێراق دەکرێ ئەوەیە بەشێک لە بەرپرسان ئاسانکارییان کردبێت بۆ گواستنەوەی دۆلار بۆ ئێران و ئەمەش وایکردبێت حکوومەتی سوودانی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی نێودەوڵەتیی، بەتایبەتی لە لایەن ئەمەریکا کرابێتەوە.
وەک ئاشکرایە حکوومەتی ئەمەریکا کۆمەڵێک سزای قورسی لە دژی ئێران جێبەجێ کردووە و بەشێک لەو سزایانەش سزای دارایی و بانکین و هیچ بانک و دامەزراوەیەک بۆی نییە مامەڵەی دۆلار لەگەڵ ئێراندا بکات یان بە دۆلار پارە بۆ ئێران بگوازێتەوە تەنانەت ئەگەر بەرهەمیشی لە ئێران بکرێت.
بۆ نموونە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ئێران بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار گازی سروشتی و کارەبای بە عێراق فرۆشتووە، بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا عێراق بۆی نییە لە بەرانبەردا بە دۆلار پارە بە ئێران بدات بەڵکوو بە دینار لە بانکێکی عێراق دەپارێزرێت و بۆ هەندێک مەبەستی مرۆیی دەتوانرێ سوود لەو پارەیە وەرگیرێت و بۆ ئێران بگوازرێتەوە.
بە گشتی گوشارێکی دارایی لەسەر عێراق هەیە و تەنانەت مەترسی سزادانیشی لەسەرە، چونکە ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی دۆلار بۆ ئێران بە هەنگاوێک بۆ پووچەڵکردنەوەی سزاکان لێک دەدرێتەوە و لەو کاتەشدا یاساکانی ئەو وڵات و کۆمپانیایانە ڕووبەڕووی سزا دەکەنەوە.
ئەوەی لە عێراق ڕووی داوە کۆمەڵێک بانکن و داوا لە حکوومەت کراوە گەرەنتی ئەوە بدات ڕێ لە بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوە بگرێت و ئەگەر ئەمە نەکات بە زیان بۆ سەر ئابووری عێراق دەشکێتەوە و ڕۆژ بە رۆژ لە بەهای دینار کەم دەبێتەوە و ئەگەریش دۆخەکە کۆنترۆڵ بکرێ ئەوا دینار بۆ ئاستی جارانی دەگەڕێتەوە.
دینار لە کاتێکدا بەهای خۆی لەدەست داوە کە لەماوەی ڕابردوودا هەوڵێک هەبوو بۆ ئەوی بەهای دینار بۆ بەهای پێش ساڵی ٢٠٢١ بگەڕێنرێتەوە بەڵام ئەو داواکارییە ڕەت کرایەوە. عێراق بە پشتبەستن بەو یەدەگە دراوەی لە بانکی ناوەندی هەیەتی هانای بۆ ئەو بژاردەیە بردبوو بەڵام لە ڕووی داراییەوە چونکە دابەزاندنی بەهای دینار بە هەماهەنگی بانکی نێودەوڵەتیی دراو بۆ مەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە کراوە.
ئەوەی بۆ پرسی دارایی عێراق ئامانجە، دینار لە ئاستی سەرەتای مانگی ڕابردوو جێگیر بکرێت و ئەگەر حکوومەتی عێراق ڕێکاری گونجاو بگرێتە بەر ئەوا بەم زووانە نرخەکەی ئاسایی دەبێتەوە. جگەلەمە لە پڕۆژەیاسای بودجەش دۆلار بە هەزار و چوارسەد و پەنجا دینار دانراوە و ئەوەش پاڵپشتییەکە بۆ نرخی دینار و بۆیەش پێشبینی دەکرێ دۆخی ئابووری بەم زووانە ئاسایی ببێتەوە چونکە پارێزگاری بانکی ناوەندیش گوتوویەتی بەم زووانە دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.