هه‌رێمی كوردستان چیتر هێلكه‌ هاورده‌ ناكات

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد كه‌ ئیدی بۆ له‌مه‌ودوا چیتر هێلكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ ناكه‌ن و به‌ڵكو به‌رهه‌م ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌شی ده‌كه‌ن.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زنیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌: ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان 33 پڕۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی هێلكه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌رهه‌می ڕۆژانه‌یان 14 هه‌زار كارتۆنه‌.

بڵاویشی كرده‌وه‌: به‌رهه‌می ڕۆژانه‌ی هێلكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ئێستادا به‌ ڕێژه‌ی 50% له‌ پێویستی ناوخۆیی زیاتره‌، بۆیه‌ نیوه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ی ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێ.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: پێداویستی ئێستای ناوخۆیی بۆ هێلكه‌ بریتییه‌ له‌ 7 هه‌زار كارتۆن، بۆیه‌ 7 هه‌زار كارتۆن هه‌نارده‌ی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق ده‌كه‌ن.

هه‌ر ده‌سته‌یه‌ك هێلكه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ 30 دانه‌ هێلكه‌، ئێستا له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ 6 هه‌زار دیناره‌ و سه‌رجه‌م ئه‌و هێلكانه‌ش كه‌ هه‌ن هی پڕۆژه‌كانی ناوخۆن.