نرخی نەوت دابەزی

نرخی نەوت بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەهۆی زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین دابەزی. 

هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 42 سەنت دابەزی و بە 82 دۆلار و 84 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 50 سەنت دابەزی و بە 78 دۆلار و 46 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەرچەندە گەشبینی بە بەرزبوونەوەی خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی نەوتی بەرزکردەوە دوای ئەوەی ئەو وڵاتە رێوشوێنەکانی هاتووچۆی ئاسان کرد، بەڵام بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە هۆکار بۆ سەرهەڵدانی نیگەرانی لە رەوشی ئەو وڵاتە، بەتایبەتی دوای ئەوەی چەندین وڵاتی جیهان هاتووچۆیان لەگەڵ چین سنووردارکردووە و ئەوەش کاریگەری پێچەوانەی لەسەر نرخی نەوت داناوە.

حکومەتی چین رایگەیاندووە، چیدیکە پێویست بە کەرەنتینە کردن و پێشاندانی پشکنینی کۆرۆنا ناکات بۆ ئەو گەشتیارانەی سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن. ئەم بڕیارەی حکومەتی چین نرخی نەوتی پێشتر بەرزکردەوە، بەڵام دوای بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە، چەندین وڵات لەنێویاندا ئەمریکا و ژاپۆن هاتووچۆی گەشتیارانی چینییان سنووردار کردووە.

چین رایگەیاندووە لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا 250 ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایانگەیاندووە، پێش ئەوەی کۆتایی بە سیاسەتی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بهێنن، یەک جاری دیکە سوودی بانکی بەرزدەکەنەوە.

نرخی زێڕ بە 1818 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29-12-2022 نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە رێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 1818 دۆلار. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە و بە 1827 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی زێڕ لەم هەفتەیەدا توانی بە رێژەی 1.5٪ بەرزبێتەوە و بگاتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا. بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە دوایین هەفتەی ئەمساڵدا نەیتوانیوە بەردەوام بێت لەبەر ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا بۆ جارێکی دیکە.

بانکە ناوەندییەکانی ئەمریکا، ژاپۆن، بەریتانیا و بانکی ناوەندیی ئەوروپا رایانگەیاندووە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵاوسان بەردەوام دەبن لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی.

بەرزکردنەوەی سوودی بانکی خواست بۆ زێڕ کەمدەکاتەوە و ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی نرخی زێڕ نەتوانێت ئاستەکانی ئێستای بە ئاسانی دەرباز بکات.

یەکێک لەو هۆکارانەی کە بووەتە پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ نیگەرانییە لە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان لە  ساڵی داهاتوودا.