بانكی ناوه‌ندیی عێراق بۆ دابه‌زینی نرخی دۆلار ڕێوشوێنێكی نوێ ده‌گرێته‌به‌ر

بانكی ناوه‌ندیی عێراق به‌ مه‌به‌ستی دابه‌زینی نرخی دۆلار و دراوی بیانی له‌ بازاڕه‌كانی ناوخۆی وڵات، ئه‌مڕۆ چوارشه‌م گرتنه‌به‌ری چه‌ند ڕێوشوێنێكی نوێی ڕاگه‌یاند.

ڕێوشوێنه‌ نوێیه‌كه‌ی بانكی ناوه‌ندیی عێراق له‌ سبه‌ی پێنجشه‌مه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، هه‌روه‌ك بانكه‌كه‌ ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ شوێنی گۆڕینه‌وه‌ و فرۆشتنی دۆلار له‌ لقی بانكه‌كانی سه‌ر به‌ بانكی ناوه‌ندی زیاد ده‌كرێت بۆ مه‌به‌ستی ئاسانكاری ده‌ستكه‌وتنی دراوی بیانی بۆ گه‌شتیاران.

بانكی ناوه‌ندی هه‌روه‌ها پشكی پێدانی دۆلار له‌ سه‌رجه‌م ئه‌و بانكانه‌ زیاد ده‌كات كه‌ له‌ خواره‌وه‌ ناویان هاتووه‌ و دۆلار بۆ گه‌شتیاران ده‌گۆڕنه‌وه‌.

جگه‌ له‌وه‌ش، شوێنی گۆڕینه‌وه‌ی دۆلار له‌ سه‌رجه‌م بانكه‌كانی تریش زیاد ده‌كرێن و ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئاسانكاریش ده‌كرێ بۆ سه‌رجه‌م هاووڵاتییان به‌ مه‌به‌ستی ده‌ستكه‌وتنی دۆلار و دراوی بیانی.

بانكی ناوه‌ندیی عێراق هه‌روه‌ها ناوی چه‌ند بانكێكی هێناوه‌ كه‌ له‌ سبه‌ی پێنجشه‌مه‌ و هه‌روه‌ها له‌ ڕۆژانی هه‌ینی و شه‌موو و یه‌كشه‌میش كه‌ پشووی سه‌ری ساڵن، ده‌وامیان تێدا ده‌كرێت و داواكاری كڕیاران بۆ ده‌ستكه‌وتنی دۆلار و دراوی بیانی جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ چه‌ند ڕۆژێكه‌ دۆلار و به‌شێك له‌ دراوه‌ بیانییه‌كان له‌ بازاڕه‌كانی گۆڕینه‌وه‌ی دراو له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز بۆته‌وه‌ به‌هۆی كه‌می خستنه‌ڕوو و كه‌مبوونه‌وه‌ی دۆلار و ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك و گرانبوونی خۆراك و شتوومه‌ك له‌ بازاڕه‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ دوێنێ سێشه‌م نرخی دۆلار له‌ پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق گه‌یشتبووه‌ به‌رزترین ئاست و هه‌ر 100 دۆلارێك به‌رامبه‌ر به‌ 160 هه‌زار دیناری عێراق مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كرا.