بەرهەمى ئاوى تەماتەى کوردستان گەیشتە بازاڕەکانى بەریتانیا

کابینەى نۆ بە سەرۆکایەتیى مەسرور بارزانى لە هەنگاوەکانى فرەچەشنکردنى سەرچاوەکانى دارایی و گرنگیدان بە کەرتى کشتوکاڵى بەردەوامە و لە دواى هەناردەکردنى هەنار و چەند بەرهەمێکى ترى باخدارى و کشتوکاڵیى کوردستان بۆ بازاڕەکانى جیهان، ئێستا بەرهەمى ئاوی تەماتەى کارگەى شارەزوور هەناردەى بازاڕەکانى دەوڵەتى بەریتانیا دەکرێت.

جاسم محەمەد، بەڕێوەبەرى کارگەى ئاوى تەماتەى شارەزوور، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: “دەستمان کردووە بە هەناردەکردنى ئاوى تەماتە بۆ بازاڕى وڵاتى بەریتانیا و تاکوو ئێستا چوار کاروانمان ناردووە، بڕیارە لە چەند ڕۆژى ئایندەدا کاروانێکى تریش بگەیەنینە بازاڕەکانى بەریتانیا”.

جاسم محەمەد گوتى: “لەلایەن دەوڵەتى بەریتانیاوە پشکنین بۆ بەرهەمەکەمان کراوە بە کوالێتییەکى باشى جیهانى قبووڵ کراوە، داوایان لێ کردووین ڕێژەکەى زیاد بکەین و بەردەوام بین لەگەڵیان، ئاوى تەماتەکە بەرهەمى ناوخۆى کوردستانە و ئێستا هێماى بازرگانیی کۆمپانیاکانمان بۆ هاتووە و گرێبەستیان لەگەڵ دەکەین و بارکۆدى لێ دەدەین”.

گوتیشی: ”داوا لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین هاوکارمان بێت تاکوو بتوانین زیاتر بازاڕى دەرەوە بۆ بەرهەمەکەمان بدۆزینەوە کە دەبیتە هەنگاوێکى گەورە بۆ کشتوکاڵى تەماتە و کارگەى ئاوى تەماتە، داواشمان وایە لەگەڵ حکوومەتى عێراق قسە بکرێت تاکوو بەرهەمى ئاوى تەماتەکانمان لە چوارچێوەى دابەشکردنى بایەعی لە کارگەکەى ئێمە و کارگەکانى ترى کوردستان وەربگرن کە بەرهەمەکەمان کوالێتییان باشترە”.

ڕوونیشی کردەوە: ”کارگەکەمان تواناى هەیە ڕۆژانە پێنج هەزار کارتۆن ئاوى تەماتە بەرهەم بهێنێت بە کوالێتیى ستاندارد و هەر کارتۆنى ١٢ قوتووى تێدایە و هەر قوتووى ٨٠٠ گرامە، ئێستا کۆمپانیا دەرەکییەکان ڕومان تێ دەکەن تاکوو دوو مانگى داهاتوو هەناردەکردن زیاد دەکەین”.