نرخی نەوت بۆ نزیکەی 85 دۆلار بەرزبووەوە

نرخی نەوت بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە، بازرگانانی نەوت گەشبینن کە بەهۆی ئاسانکردنی رێوشوێنەکانی هاتووچۆ لەلایەن حکومەتی چین خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو بەرزدەبێتەوە.

نرخی نەوتی برێنت 31 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێکی بە 84 دۆلار و 64 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 22 سەنت بەرزبووەوە و بە 79 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

حکومەتی چین بڕیاریداوە سنوورەکانی بە رووی گەشتیاراندا بکاتەوە، ئەوەش دوای سێ ساڵ لە سەپاندنی رێوشوێنی تووند لە دژی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لەلایەکی دیکەوە رووسیا بڕیاریداوە لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتووەوە نەوت بە ئەو وڵاتانە نەفرۆشێت کە پابەند دەبن بە بڕیاری وڵاتانی گرووپی حەوت، ئەو وڵاتانە نرخی نەوتی رووسیایان سنووردارکردووە بە کەمتر لە 60 دۆلار.

هەروەها ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا بەهۆی شەپۆلی تووندی سەرما لە دوو ویلایەتی (داکۆتای باکوور) و تێکساس دابەزیوە، ئەوەش هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە.

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1817 دۆلار دابەزی

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 28-12-2022 نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە رێژەی 0.29٪ دابەزی و بە 1817 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوە سەرەکییەکانی دیکە دەگەڕێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوە سەرەکییەکانی دیکە بە رێژەی 0.13٪ بەرزبووەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر نرخی کاڵا و کانزاکان دانا.

رۆژی سێشەممە، نرخی زێڕ بەهۆی گەشبینی بە کرانەوەی چین و بەرزبوونەوەی خواست لەلایەن چینەوە بە رێژەی 0.9٪ بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا.

لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵەوە دوای ئەوەی نرخی زێڕ دابەزی بۆ کەمترین ئاستی خۆی و نزیکبووەوە لە 1600 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، تاوەکو ئێستا نرخی زێڕ توانیویەتی 200 دۆلار بەرزبێتەوە.

جین ویتکۆڤ، شرۆڤەکاری کۆمپانیای راوێژکاری (کیتکۆ مێتاڵز) لەو بارەیەوە رایگەیاند، نرخی زێڕ دەتوانێت تاوەکو 1825 دۆلار بەرزبێتەوە.

ویتکۆڤ دەڵێت، گەشبینیی بازرگانانی زێڕ بەوەی کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەوە بەدواوە دەستبەرداری سیاسەتی تووندی نەختی دەبێتەوە لەگەڵ کرانەوەی چین بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر زێڕ و ئەوەش هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە لەم هەفتەیەدا.