نرخی نەوتی برێنت بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە دوایین کاتی کۆتاییهاتن بە مامەڵەکانی بازاڕی نەوت زیاتر لە 2 دۆلار بەرزبووەوە، دوای ئەوەی رووسیا رایگەیاند؛ بەهۆی دانانی ئاستێکی دیاریکراو بۆ نرخی نەوتی ئەو وڵاتە قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت کەم دەکاتەوە. هەروەها نرخی زێڕیش بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک بە 1877 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. 

ئەوەش بووەتە هۆکار کە نرخی نەوت بۆ ماوەی دوو هەفتەی یەک لە دوای یەک بەرزببێتەوە. 

هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت 2 دۆلار و 22 سەنت لە کاتی داخستنی بازاڕدا بەرزبووەوە و بە 83 دۆلار و 20 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێك نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 1 دۆلار و 93 سەنت بەرزبووەوە و بە 79 دۆلار و 43 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا رایگەیاند؛ ئەگەری هەیە رووسیا لە سەرەتای ساڵی 2023 دا قەبارەی بەرهەمهێنانی خۆی بە رێژەی 5٪ تاوەکو 7٪ کەمبکاتەوە.

سەرەتای ئەم مانگە وڵاتانی ئەندام لە گرووپی حەوت وڵاتی پیشەسازیی جیهان مامەڵەیان بە نەوتی رووسیا سنووردارکردووە، بۆ ئەوەی بە کەمتر لە 60 دۆلار بفرۆشێت کە ناڕەزایەتی مۆسکۆی بە دواوە هاتووە.

بەپێی پێشبینییەکان، قەبارەی هەناردەکردنی نەوتی رووسیا لەڕێگەی بۆریی بالتیک کە رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی رووسیا لە رێگەی دەریای بالتیکەوە دەگوازێتەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان ئەگەری هەیە لەم مانگەدا بە رێژەی 20٪ کەمببێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە سەرهەڵدانی باهۆز و زریان لە چەندین ویلایەتی ئەمریکا خواستی بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو لەو وڵاتە بەهۆی شەپۆلی سەرما بەرزکردووەتەوە.

ئیدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا رایگەیاند، ” نرخی نەوت بەرزبووەتەوە بەهۆی کاردانەوەی رووسیا لەبەرامبەر سنووردارکردنی نرخی ئەو وڵاتە.”

مۆیا پێیوایە، کەشوهەوای سارد و زریان و باهۆز لە ئەمریکا نەبووەتە هۆکار بۆ پچڕانی ژمارەیەکی زۆر لە گەشتەکان لەبەرئەوەش خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لە ئەمریکا نەتەنیا کەم نەبووەتەوە بەڵکو لەبەر شەپۆلی سەرما زیادتریش بووە کە بووەتە هۆکار بۆ پاڵپشتی نرخەکان.

نرخی زێڕ بەرزبووە

رۆژی هەینی نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە و ئێستا هەر ئۆنسەیەک بە 1877 دۆلارە.

نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ مانگی 2 ی ساڵی داهاتوو بە رێژەی 0.53٪ بەرزبووەوە بۆ 1805 دۆلار.

پیتر فێرتیگ، شرۆڤەکاری سەر بە ناوەندی لێکۆڵینەوە ( کوانیتەیتیڤ کۆمۆدیتیز) رایگەیاند، ” بەهۆی دەستپێکردنی پشووەکانی سەری ساڵ قەبارەی مامەڵەکان لە بازاڕی زێڕدا سنووردارە و بازرگانان نایانەوێت بازاڕ بە ئاراستەیەکی دیاریکراودا هانبدەن.”

فێرتینگ پێیوایە هۆکاری ئەوەی کە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیک 1800 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت بۆ کەمی قەبارەی مامەڵەکان دەگەڕێتەوە.

رایان لین، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گۆڵد سیلڤەر سێنتراڵ لەبارەی نرخی زێڕەوە رایگەیاند، ئەگەر ئامارەکای نرخەکانی بەکاربەر لە مانگی 12 ئاماژە بە بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان بکەن، ئەگەری هەیە نرخی زێڕ دابەزێتەوە بۆ خوارەوەی 1800 دۆلار، بەڵام ئەگەر هەڵاوسان لە مانگی 12 دا کەمتر بێت لە ئاستی چاوەڕوانییەکان، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ سەرووی 1800 دۆلار بەردەوام دەبێت.