نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە

بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوە سەرەکییەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی زێڕ بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا و توانی ئاستی 1800 دۆلار تێبپەڕێنێت.

هەر ئۆنسەیەک زێڕ ئێستا بە 1819 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی زێڕ بۆ گرێبەستەکانی داهاتووش بۆ مانگی شوباتی ئەمساڵ بە رێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە بۆ 1828 دۆلار.

دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی ژاپۆن دەستی بە تووندکردنەوەی سیاسەتی نەختی کرد، سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی حکومەتی بەرزکردەوە و بەهای یەنی ژاپۆنی بەرامبەر بە دۆلار بەرزکردەوە، ئەوە بووە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار.

سەرەڕای بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ لەم هەفتەیەدا، بازرگانانی ئەو کانزا ستراتیژییە نادڵنیان لە هەنگاوەکانی بانکە ناوەندییەکان کە رایانگەیاندووە، درێژە بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەدەن و ئەوەش دەتوانێت رێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ بکات.

نرخی نەوتی برێنت بەرزبووەوە بۆ سەرووی 80 دۆلار

نرخی نەوتیش هاوشێوەی زێڕ بەرزبووەوە، بەرزبوونەوەی نەوت بەهۆی کەمبوونەوەی یەدەکی نەوتی ئەمریکا و هەروەها دابەزینی بەهای دۆلارە.

هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور نزیکەی شەش سەنت بەرزبووەوە و بە 80 دۆلار و یەک سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا نزیکەی 5 سەنت بەرزبووەوە و بە 76 دۆلار و 25 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە هەفتەی رابردوو سێ ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل کەمیکردووە. هەروەها پێنوێنی دۆلاری ئەمریکی بە رێژەی 0.69٪ دابەزی و ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی نرخی کاڵا و کانزاکان وەک نەریتێک لە بازاڕدا بەرزببنەوە.

لەلایەکی دیکەوە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت سنووردار بێت.

شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیە بە میدیای ناوخۆیی ئەو وڵاتەی راگەیاندووە کە بڕیاری ئۆپێک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بڕیارێکی دروستبووە و جووڵەی نرخەکانی نەوت ئەوە دەسەلمێنێت سەرەڕای ئەوەی کە بڕیارەکانی ئۆپێک پڵەس رەخنەی بەدواوە هاتووە.

نرخی نەوت کە لە مانگی 3ـی ئەمساڵدا تەنانەت لە ئاستی 147 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نزیکبووەوە، زۆربەی قازانجەکانی لە ئەمساڵدا لەدەستداوە.

نرخی دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:

100 دۆلار بەرامبەرە بە 151 هەزار دیناری عێراقی

یۆرۆ – دۆلار 1.06 EUR/USD

پاوەند – دۆلار 1.21 GBP/USD

دۆلار – لیرە 18.65 USD/TRY

یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 38 هەزار و 900 تمەن USD/IRR

یەک دۆلاری ئەمریکی: 69.61 روبڵی رووسی

ھەواڵی زیاتر