بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوت بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار و کڕینەوەی نەوت لەلایەن حکومەتی ئەمریکا بۆ پڕکردنەوەی یەدەکی ستراتیژیی نەوتی ئەو وڵاتە بەرزبووەوە.
نرخی نەوتی برێنت نزیکەی 70 سەنت بەرزبووەوە و بە 80 دۆلار و 40 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 65 سەنت بەرزبووەوە و ئێستا بە 75 دۆلار و 84 سەنتە.
هەرچەندە نرخی نەوت رۆژی سێشەممە بە بەرزبوونەوە کراوەتەوە، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخەکان سنوورداربوون بەهۆی تەشەنەکردنی شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنا لە چین کە گەورەترین هاوردەکاری نەوتە لە جیهاندا.
حکومەتی ئەمریکا هەفتەی رابروو رایگەیاند، بۆ پڕکردنەوەی یەدەکی ستراتیژیی نەوتی ئەو وڵاتە 3 ملیۆن بەرمیل نەوت دەکڕێت، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمساڵ نزیکەی 180 ملیۆن بەرمیل لەو نەوتەی بۆ دابەزینی نرخەکانی نەوت ئازاد کردبوو.
ئێدوارد مۆیا، شرۆڤەکارای سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا رایگەیاند، ” بۆ ئەوەی نرخی نەوت بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە دەبێت هێمایەکی روون دەرکەوێت لەسەر بەرزبوونەوەی خواست.”
ئیدوارد مۆیا دەڵێت، “ناڕوونی هەیە لەسەر بارودۆخی چین بەتایبەتی دوای شەپۆلی سێیەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە.”
نرخی زێڕ دابەزی
رۆژی سێشەممە نرخی زێڕ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزینی زیاتری بەخۆیەوە بینی. هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕدا بەرێژەی 0.1٪ دابەزی بۆ 1785 دۆلار و بەو پێیەش زیاتر دوورکەوتەوە لە ئاستی هەستیاری 1800 دۆلار.
بەپێی شرۆڤەکاران، نیگەرانی لە بەردەوامی سیاسەتی بانکە ناوەندییەکان لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی و هەروەها سەرهەڵدانی سستبوونەوەی ئابووری لە ساڵی داهاتوودا وەبەرهێنەران و بازرگانانی هانداوە بۆ کڕینی دۆلار و کڕینی قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و خواست لەسەر زێڕ دابەزیوە.
نرخی زێڕ هەروەها لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ مانگی 2 ی ئەمساڵ لە نزیکەی 1800 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بە گشتی لە ساڵی 2022 دا نرخی زێڕ کەمێک کەمتر لە نرخی سەرەتای ساڵەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت و کانزای زێڕ هەموو قازانجەکانی ئەمساڵی بەتایبەتی ئەو قازانجانەی کە بۆ ماوەیەک لە دوای دەستپێکی شەڕی ئۆکراینا و رووسیا بەدەستی هێنابوو لە دەستی داوە.