عێراق داهاتێکی زۆری هەیە، بەڵام بەشێکی گەورەی ئەو داهاتە بە دۆلار و بە قاچاغ بۆ وڵاتانی دراوسێ دەگوازرێتەوە و ئەمەش بە یەکێک لە گرنگترین هۆکانی نزمیی بەهای دینار بەرانبەر دۆلار، هەژمار دەکرێت. حکوومەت نەیتوانیوە ڕێگریی لە دەرچوونی ئەو سەرمایەیە بکات و لە گەڕاندنەوەشی سەرکەوتوو نەبووە و ئەوانەش کاریگەری نەرێنییان خستووەتە سەر ئابووری وڵاتەکەوە.
لە هەموو وڵاتێکی جیهاندا، گواستنەوەی سەرمایە بۆ دەرەوە لە چوارچێوەی ڕێسا و قانوونە تایبەتییە دارایی و بانکییەکاندایە و سنوورێک بۆ قەبارەی دەرچوونی سەرمایە دەستنیشان کراوە. تەنانەت ئەوانەش کە بڕە پارەیەکی کەم دەگوازنەوە ئەوا دەبێت باجێکی زۆر بە حکوومەت بدەن و هۆی گواستنەوەی پارەکەش ڕوون بکەنەوە.
لە عێراق، بەهۆی گەندەڵیی دارایی و ڕۆڵی خراپی بەشێک لە بانکەکان، ڕەچاوی سەرمایەی نیشتمانی نەکراوە و بە سەدان ملیار دۆلار پارە لە وڵات چووەتە دەرەوە کە ئەگەر لە ناوخۆ سوودی لێ وەرگیرابا و بۆ وەبەرهێنان و پڕۆژە جیاوازەکان بەکارهێنرابا یان دەستاودەست کرابا ئەوا وێڕای بەرزکردنەوەی بەهای دینار، سوودێکی زۆری بۆ ئابووریی عێراق دەبوو.
وڵاتانی دراوسێی ئێران، تورکیا و ئوردن و هەندێک وڵاتی تری کەنداو زۆرترین پارەیان بۆ گواستراوەتەوە.هەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دامەزراوەی دەستپاکیی عێراق پەردەی لەسەر گەندەڵی و گواستنەوەی پارە بۆ ژمارەیەک لە وڵاتانی دراوسێ هەڵماڵی.
دەزگاکە ئاماژەی داوە وڵاتانی دراوسێ خۆیان هاوکارن لە سپیکردنەوەی پارە و گەندەڵی و ڕاکێشانی سەرمایە، لە کاتێکدا هەر سەرمایەیەک بۆ وڵاتان بگوازرێتەوە ئەوا لە بانکەکانیان سەرچاوەکە و هۆی گواستنەوەکەی دیاری دەکرێ، کەچی ئەو وڵاتانە خۆیان ئەو زانیارییانە ناخەنە ڕوو و هاوکارن لە گەندەڵییەکەدا؛ لە کاتێکدا وڵاتانی ئەوروپا زۆر باشتر چاودێریی گواستنەوەی پارە دەکەن.
لە چەند مانگی ڕابردوودا دزییەتی زۆر گەورە لە کەرتی دارایی عێراق رووی داوە کە یەکێکیان بە دزیی سەدە ناوبانگی دەرکردووە و تەنانەت ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیشی هێنایە سەر خەت. لە دەزگای باجی عێراق گەندەڵیی لە دوو ملیار و پێنج سەد ملیۆن دۆلار کرابوو و تۆمەتبارەکە بەر لەوەی لە عێراق هەڵبێت، لە فڕۆکەخانە گیرا.
یەکێکی تر لەو بانکانەی کە بە قاچاخ پارە بۆ وڵاتانی دراوسێ دەگوازنەوە بانکە تایبەتییەکانن و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا حکوومەتی عێراق دەیان بانکی سزا داوە.
ئەگەر بۆ وڵاتانی ئوردن و تورکیا قاچاخچێتییەکە هەر لە ڕێی بانکەوە بکرێت، ئەوا بۆ ئێران کە سزای بەسەردا سەپاوە، لە کەناڵی ترەوە دەکرێ و دۆلار بۆ بازاڕەکانیان دەگوازرێتەوە. ئێران پێویستی بە دراوی بیانی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت پێداویستیی ناوخۆ پڕ بکاتەوە و ڕێگری لە دابەزینی تمەن بکات کە بۆ نزمترین ئاستی مێژوو دابەزیوە.
لە لایەکی ترەوە بە ملیاران دۆلار سەرمایە بۆ مەبەستی کڕینی خانوو و وەرگرتنی ڕ ەگەزنامە و مەبەستی جیاواز بۆ تورکیا و ئوردن و وڵاتانی تر گواستراوەتەوە و چوونەدەرەوەی ئەو هەمووە قەبارەیەی دۆلار وا دەکات زیان بە بەهای دینار بگات کە لەم رۆژانە هەر سەد دۆلاری بۆ سەرووی سەد و پەنجا هەزار دینار گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
بەگوێرەی ئامارێکی مێدڵئیست نیوز، قەبارەی وەبەرهێنانی عێراق لە ئوردن دەگاتە سەروی هەژدە ملیار دۆلار و قەبارەی ئەو وەبەرهێنانە لە تورکیاش ئەگەر لەم بڕە زیاتر نەبێت، کەمتر نییە.
لە ئەیلوولی ساڵی ڕابردوودا، لە عێراق کۆنفرانسێک بەڕێوەچوو بۆ ئەوەی ئەو پارانە بۆ عێراق بگوازرێنەوە و وڵاتانی تریش بەڵێنی هاوکارییان دا و ئەوکات قەبارەی ئەو سەرمایەیەی عێراق کە بۆ وڵاتان گواستراوەتەوە بە ١٥٠ ملیار دۆلار خەمڵێنرابوو.
لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراقیش پێشتر ڕایگەیاندبوو لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ئێستا نزیکەی سێ سەد و پەنجا ملیار دۆلاری عێراق بە قاچاغ چووەتە دەرەوە و عەلی عەلاوی وەزیری پێشووی دارایی عێراقیش جارێک قەبارەکەی بە دوو سەد و پەنجا ملیار دۆلار خەمڵاندبوو.
عێراق بە یەکێک لە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان هەژمار دەکرێت و ساڵی ڕابردوودا لە ڕوی شەفافیەتی داراییەوە ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی خستییە ریزبەندی ١٥٧ەمین وڵات.
عێراق داهاتێکی زۆری هەیە و توانای ئەوەی هەیە دراوێکی زۆری بیانی بڕژێنێتە بازاڕەکان و پاڵپشتی لە دینار بکات، بەڵام پرسی گەندەڵیی بووەتە لەمپەر لەبەردەم ئەو هەنگاوەدا.