نرخی نەوت بەرزبووەوە

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لەم هەفتەیەدا، نرخی نەوت زیاتر لە 1 دۆلار بەرزبووەوە. هەروەها نرخی زێڕیش کەمێک بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک بە نزیکەی 1795 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

گەشبینی بە بەرزبوونەوەی خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە لە سەرەتای مامەڵەکانی ئەم هەفتەیەدا.

رۆژی دووشەممە 19-12-2022، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 1 دۆلار و 12 سەنت بەرزبووەوە و بە 80 دۆلار و 11 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 1 دۆلار بەرزبووەوە و بە 75 دۆلار و 27 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی نەوت هەفتەی رابردوو بەهۆی نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان نزیکەی 2 دۆلار دابەزینی بەخۆیەوە بینی. 

چین کە بە گەورەترین هاوردەکاری نەوت و دووەم گەورەترین بەکارهێنەری نەوتی جیهان هەژماردەکرێت لە چاوەڕوانی سێیەم شەپۆلی کۆرۆنادایە بەوپێیەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە لە هەفتەی رابردوودا بەرزبووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئەو وڵاتە لە دوو هەفتەی رابردوودا رێوشوێنەکانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای ئاسان کرد.

تینا تێنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (CMC Market) رایگەیاند، “سەرەڕای ئەوەی کە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین بەرزبووەتەوە، بەڵام گەشبینی بەکرانەوەی ئابووریی چین و سیاسەتە هاندەرانەکانی حکومەتی چین بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی پێشبینی بکرێت خواستی ئەو وڵاتە بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو زیاد دەبێت.”

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی وزەی ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند کە دەست بە کڕینی نەوتی خاو دەکاتەوە بۆ پڕکردنەوەی یەدەکی ستراتژیی نەوتی ئەو وڵاتە. ئەمە یەکەمجارە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەست بە پڕکردنەوەی شوێنی ئەو 180 ملیۆن بەرمیلە دەکاتەوە کە لەمساڵدا لە یەدەکی ستراتژی نەوتی ئەو وڵاتە بەکاری هێناوە.

ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 1795ـە

نرخی زێر بەڕێژەیەکی کەم بەرزبووەوە، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لەبەر نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا، ئەوروپا و بەریتانیا دابەزینی گەورەی بەخۆیەوە بینی.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ نزیکەی 4 دۆلار بەرزبووەوە و بە 1795 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. 

نرخی زێڕ بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو بۆ رادەستکردنی لە مانگی 2ی ساڵی داهاتوودا بە رێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە بە 1802 دۆلار مامەڵەی پێوکرا.

پێشبینی دەکرێت نرخی زێڕ لەوە بەدواوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ گۆڕانکاری کەم بەخۆیەوە ببینێت لەبەرئەوەی کە بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵەوە قەبارەی مامەڵەکان کەمدەبێتەوە و هاوکات رووداوێکی گرینگی وەک بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان روونادەن.

هەفتەی رابردوو پێش ئەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا بۆ دوایین جار لەم مانگە بەرێژەی 0.5٪ بەرزبکرێتەوە نرخی زێر بەرزبووەوە بۆ ئاستی 1824 دۆلار، بەڵام وتاری جێرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر ئەوەی کە بانکەکە بەردەوام دەبێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، نرخی زێڕی دابەزاند بۆ نزیکەی ئاستەکانی ئێستا کە 1800 دۆلارە.

ھەواڵی زیاتر