نرخی نەوت ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15-12-2022 دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 82 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت. بەرزکردنەوەی سوودی بانکیش نرخی زێڕی دابەزاند.
بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی رابردوو سوودی بانکی بە رێژەی 0.5٪ بەرزکردەوە، بەوەش نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بۆ 1800 دۆلار دابەزی.
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ تاوەکو پێش راگەیاندنی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە تاوەکو 1824 دۆلاریش بەرزببووەوە، بەڵام لێدوانەکانی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە رایگەیاندبوو، پێش ئەوەی کۆتایی بە بەرزکردنەوەکانی سوودی بانکی بهێنن، جارێکی دیکەش سوودی بانکی بەرزدەکەنەوە بووە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ.
بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر دراوەکانی دیکە و بەوپێیەش نرخی زێڕی دابەزاند.
نرخی نەوت دابەزی
ئامارە ئابوورییەکانی چین بۆ مانگی 11 بازرگانانی نەوتی بێ هیوا کردووە و بەپێی ناوەندی ئاماری چین، کەرتی وردەفرۆشی ئەو وڵاتە پاشەکشەی کردووە و گەشەی کارگەکانیش کەمتر بوون لە ئاستی پێشبینییەکان کە ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان نیگەران بن لەسەر قەبارەی خواستی چین بۆ نەوتی خاو.
کاژێر 08:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ بەکاتی هەولێر، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 69 سەنت دابەزی و بە 82 دۆلار و دوو سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 78 سەنت دابەزی و بە 76 دۆلار و 50 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، لە ساڵی 2022 دا خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل کەمیکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئاژانسەکە پێشبینیکردووە خواستی ئەو وڵاتە بۆ نەوت ساڵی داهاتوو لەبەر ئاسانکردنی رێوشوێنەکانی هاتووچۆ بەرزبێتەوە.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت، بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی یەدەککراوە لە ئەمریکا بە بڕی 10 ملیۆن بەرمیل.