ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت بە رێژەی 1٪ بەرزبووەوە و نرخی ئۆنسەیەک زێڕیش بۆ نزیکەی 1790 دۆلار دابەزی.
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ ناڕوونی لە رەوشی خستنەڕووی نەوت لە ئەمریکا دەگەڕێتەوە، بەهۆی دزەکردنی نەوت لە بۆری کیستۆن کە نەوتی کەنەدا بۆ ئەمریکا دەگوازێتەوە.
هەروەها ڤیلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا هەڕەشەی کردووە کە نەوت بەو وڵاتانە نافرۆشێت کە ئاستێکی دیاریکراو بۆ نرخی نەوتی ئەو وڵاتە دەستنیشان دەکەن دوای بڕیارەکەی G7 لەسەر دانانی نرخی 60 دۆلار بۆ نەوتی رووسیا.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 12-12-2022 ، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 30 سەنت بەرزبووە و بە 76 دۆلار و 40 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 51 سەنت بەرزبووە و بە 71 دۆلار و 53 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوت هەفتەی رابردوو دابەزیبوو بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی ئەمساڵدا بەهۆی نیگەرانی لە ئەگەری سستبوونەوەی ئابووریی جیهان.
ئیدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، “نرخی نەوت بەهۆی داخرانی بۆری نەوتی کیستۆن و ئاسانکردنی رێوشوێنەکانی هاتووچۆ لە چین بەرزبووەتەوە.”
بۆری نەوتی کیستۆن رۆژانە نزیکەی 600 هەزار بەرمیل نەوتی کەنەدا بۆ ئەمریکا دەگوازێتەوە.
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ نزیکەی 1790 دۆلار دابەزی
ئەمڕۆ نرخی زێڕ بە دابەزین کرایەوە و بە رێژەی 0.2٪ بەهاکەی لەدەستدا و هەر ئۆنسەیەک بە 1793 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی زێڕ هەروەها لە گرێبەستەکانی داهاتوو بە رێژەی 0.3٪ بۆ ئاستی 1804 دۆلار دابەزی.
بازرگانانی زێڕ چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵاوسان دەکەن بۆئەوەی بزانن سیاسەتی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر سوودی بانکی چۆن دەگۆڕدرێت.
بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە کۆتایی بە کۆبوونەوەی دوو رۆژی خۆی دەهێنێت و لەسەر سوودی بانکی راگەیێندراوێک بڵاودەکاتەوە و تیایدا ئاشکرای دەکات کە بە چ رێژەیەک سوودی بانکی بەرزدەکەنەوە.
بەڵام پێش رۆژی چوارشەممە لە رۆژی سێشەممە، ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان لە ئەمریکا لە مانگی رابردوو بڵاودەبێتەوە کە کاریگەری لەسەر بڕیارەکەی رۆژی چوارشەممەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دادەنێت. لەبەر ئەو دوو رووداوە بازرگانانی زێڕ بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن.
چاوەڕوان دەکرێت بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەم هەفتەیە رێژەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.5٪ بەرزبکاتەوە، ئەگەر رێژەی هەڵاوسان لە مانگی 11 بەراورد بە مانگی 12 بەرزبوونەوەی بەرچاو بەخۆیەوە نەبینێت.