زێڕ بەرزبووەوە و نرخی نەوت دابەزی

سەرەڕای بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا کە بە شێوازێکی ئاسایی دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ، بەڵام نرخی زێڕ لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا لە رۆژی هەینی بەرزبووەوە و هاوکات نرخی نەوتی ئەمریکاش بۆ نزیکەی 71 دۆلار دابەزی.

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.36٪ بەرزبووەوە و بە 1795 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی زێڕ پێش ئەوەی لەو ئاستانەدا جێگر بێت، تاوەکو 1808 دۆلاریش بەرزبووەوە.

دەیڤید مێگێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری “های ریج فیوچەرز” لەو بارەیەوە رایگەیاند، “بازاڕ پێیوایە رووناکی لە کۆتایی تۆنێلەکەدا بەدەرە کەوتووە و ئیتر کاتی ئەوە هاتووە بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەستبەرداری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بێت.”

مێگێر دەڵێت، “کۆتاییهاتنی سیاسەتی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە بووەتە پاڵپشت بۆ نرخی زێڕ.”

بڕیارە رۆژانی 13 و 14ـی ئەم مانگە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر سوودی بانکی کۆببێتەوە و پێشبینی دەکرێت بە رێژەی 0.5٪ سوودی بانکی بەرزبکرێتەوە، بەڵام شرۆڤەکاران پێیانوایە ئەو کۆبوونەوەیە دوایین کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەبێت کە سوودی بانکی تێدا بەرزدەکەنەوە.

نرخی نەوت لە کاتی داخستنی بازاڕەکان لە شەوی هەینی دابەزینی بەخۆیەوە بینی. نرخی نەوتی برێنت لە دواساتەکانی مامەڵەکانی رۆژی هەینی دا، 5 سەنت دابەزی و بە 76 دۆلار و 10 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 44 سەنت دابەزی و بە 71 دۆلار و دوو سەنت مامەڵەی پیوەکرا. بەوپێیەش نرخی نەوت گەورەترین دابەزینی هەفتانەی خۆی لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا تۆمارکرد.

رۆبێرت یاوگەر، شرۆڤەکاری سەر بە بانکی میزۆهو، گەورەترین بانکی ژاپۆن لەوبارەیەوە رایگەیاند، ” نیگەرانی لە خستنەڕووی نەوت کەمبووەتەوە و لە جیاتی نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان سەریهەڵداوە کە بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی نەوت.”

رۆژی هەینی لە کاتی مامەڵەکانی ناو بازاڕی نەوت بەهۆی لێدوانێکی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە رێژەی 1٪ بەرزبووەوەوە، بەڵام دواجار نرخی نەوت لە کاتی داخستنیدا دابەزی و نەیتوانی لە بەرزبوونەوە بەردەوام بێت.

ڤلادیمیر پووتین رۆژی هەینی هەڕەشەی کردبوو کە لە وەڵامی دانانی ئاستی 60 دۆلار بۆ نەوتی رووسیا بژاردەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی رووسیا لە بەرچاودەگرێت و ئەوە یەکێک دەبێت لە پلانەکانی. پووتین رایگەیاندبوو، هەرچەندە رەنگە ئێستا ئەو کارە نەکەن، بەڵام ئەو بژاردەیانە لە بەرچاودەبێت.

نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا و چین و ئەوروپا ئاسۆی بازاڕی نەوتی تەموومژاوی کردووە.

واڵتەر زیمەرمان، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری “ئای کەپ” و رۆبێرت یاوگەر هەردووکیان رایانگەیاند، ئەگەر نرخی نەتی سووکی تەکساسی ئەمریکا دابەزێت بۆ خوار 70 دۆلار بە ئەگەری زۆرەوە دابەزینەکەی بەردەوام دەبێت تاوەکو 60 دۆلار.