نرخی نەوت بە رێژەیەکی کەم بەرزبووەوە و زێڕ دابەزی

نرخی نەوت رۆژی پێنجشەممە بە جێگیری مایەوە و لە سەرووی 77 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە بۆ نزمترین ئاستی خۆی لەمساڵدا دابەزی بەهۆی زیادبوونی ئاستی بەرهەمهێنان و نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا و زیادبوونی نیگەرانییەکان لەبارەی کاریگەریی خاوبوونەوەی ئابووری لەسەر خواست.

نرخی نەوتی برێنت 62 سەنت و بە رێژەی 0.8٪ بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 77 دۆلار و 79 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 69 سەنت و بە رێژەی 1٪ بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 72 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

نرخی نەوتی برێنت رۆژی چوارشەممە لە خوار نزمترین ئاستی داخستنی پێشووی ساڵەوە جێگیر بوو، لە کاتێکدا نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تەکساس ئاستێکی نوێی دابەزینی لەمساڵدا تۆمارکرد.

بەگوێرەی راپۆرتی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا بۆ 12.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە کە بەرزترین ئاستە لە مانگی ئابەوە.

لە کاتێکدا هەفتەی رابردوو ئاستی نەوتی خاو لە کۆگاکانی ئەمریکا دابەزینیان بەخۆوە بینی، بەڵام کۆگاکانی بەنزین بەرزبوونەتەوە، ئەمەش نیگەرانییەکان لەبارەی کەمبوونەوەی خواست زیادکردووە. بەگوێرەی راپۆرتی ئیدارەی زانیاریی وزە، ئاستی بەنزین لە کۆگاکان لە هەفتەی رابردوودا 5.3 ملیۆن بەرمیل زیادی کردووە و گەیشتووەتە 219.1 ملیۆن بەرمیل.

هاوکات پاشەکشەی ئابووریی ژاپۆن بە ئاستێکی کەمتر لە پێشبینییەکان لە چارەکی سێیەمدا هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت بوو.

هەروەها سووککردنی رێکارەکانی دژی کۆرۆنا لە چین کە گەورەترین هاوردەکاری نەوتە لەسەر ئاستی جیهاندا، یارمەتیدەر بوو بۆ جێگیربوونی نرخی نەوت.

هاوکات بەرپرسێکی گەنجینەی بەریتانیا رایگەیاند، بەرپرسانی رۆژئاوا لەگەڵ هاوتا تورکییەکانیان لە گفتوگۆدان بۆ چارەسەرکردنی نۆرەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە دەریای تورکیا، ئەوەش دوای ئەوەی کۆمەڵەی وڵاتانی G7 و یەکێتیی ئەوروپا رۆژی 5ـی ئەم مانگە رێکاری نوێیان دژی هاوردەی نەوتی خاوی رووسیا راگەیاند.

نرخی زێڕ دابەزی

هاوشێوەی نەوت، نرخی زێڕیش رۆژی پێنجشەممە بە جێگیری ماوەتەوە و بە نزیکەی 1780 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک مامەڵەی پێوەدەکرێت. 

ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەممە نرخی زێڕ بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە بەهۆی زیادبوونی هۆشدارییەکان کە بەرزبوونەوەی رێژەی نرخی سوودی بانکی و هەڵاوسانی بەرز دەبنە هۆی سستیی ئابووریی ئەمریکا لە ساڵی 2023ـدا.

نرخی یەک ئۆنسە زێڕ نزیکەی 2 دۆلار دابەزی و هەر ئۆنسەیەک بە 1783 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، هاوکات نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ گرێبەستەکانی ئایندە بە رێژەی 0.2% و بۆ 1795 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک دابەزی. 

رۆژی چوارشەممە بەهۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان لەبارەی سستیی ئابووریی ئەمریکاوە نرخی زێڕ 1٪ بەرزبووەوە.

چاوی بازرگانانی لەم هەفتەیەدا گرنگی بە داتای هەڵاوسانی بەرهەمهێنەرانی ئەمریکا دەدرێت بۆ مانگی نۆڤەمبەر کە بڕیارە رۆژی هەینی ئەنجام بدرێت، بۆ پێوانەکردنی رێڕەوی فشارەکانی نرخ لە وڵاتەکەدا.

بازاڕەکان چاوەڕوانی ئاماری هەڵاوسانی بەرهەمهێنەرانی ئەمریکا دەکەن کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بڵاوبکرێتەوە.

پێوەرەکانی نرخی بەرهەمهێنەرانی ئەمریکا بۆ مانگی رابردوو کە بڕیارە رۆژی هەینی بڵاوبکرێتەوە، لە نزیکەوە چاودێری دەکرێت، چونکە ئاماژەیەکە لەسەر رێڕەوی هەڵاوسان لە وڵاتەکەدا.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو بانکی ناوەندیی ئەمریکا کۆتا کۆبوونەوەی خۆی بۆ ئەمساڵ ئەنجام بدات. لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت بانکی ناوەندی بە رێژەیەکی تاڕادەیەک کەمتر لە پێشوو نرخی سوودی بانکی زیادبکات، بەڵام هۆشداری داوە لەوەی کە رێژەی نرخەکە لە ساڵی داهاتوودا بۆ ئاستێکی بەرزتر لە چاوەڕوانییەکان بەرزدەبێتەوە.