نرخی نەوت دابەزی

دابەزینی نرخی نەوت بەردەوامە و رۆژی چوارشەممە نرخی نەوت لە ئاستی خوار 80 دۆلار مایەوە، ئەوەش بەهۆی نادڵنیایی ئابووری و ترس لە زیادکردنی نرخی سوودی بانکی لە ئەمریکا. نرخی زێڕیش بەراورد بە رۆژی سێشەممەی رابردوو بە جێگیری ماوەتەوە و هەر ئۆنسەیەک بە 1770 دۆلارە.

رۆژی چوارشەممە 7-12-2022، نرخی نەوتی برێنت 17 سەنت و بە رێژەی 0.2٪ دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 79 دۆلار و 52 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 3 سەنت، دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 74 دۆلار و 22 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بەردەوامیی دابەزینی نرخی نەوت بەهۆی کاریگەریی داتاکانی سێکتەری خزمەتگوزارییەکانی ئەمریکایە کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرزبووەتەوە، ئەوەش نیگەرانییەکانی زیادکردووە کە رەنگە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەردەوام بێت لەسەر زیادکردنی نرخی سوودی بانکی.

لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا نرخی نەوت نزیکەی 4 دۆلار دابەزیوە؛ رۆژی سێشەممە لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 83 دۆلار و بەرمیلێک نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش بە 77 دۆلار مامەڵەیان پێوەدەکرا.

رۆژی سێشەممە و بۆ یەکەمجار لەدوای مانگی یەکی ئەمساڵەوە نرخی نەوت بۆ خوار 80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی، نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە دوای کانوونی یەکەمی ساڵی 2021 دابەزی، هۆکارەکەشی ترسە لەوەی بەهۆی بەردەوامیی زیادکردنی نرخی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، ئابووریی ئەو وڵاتە تووشی سستیی ببێتەوە. 

هاوکات چالاکیی سێکتەری خزمەتگوزاریی چین لە مانگی رابردوودا بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە شەش مانگی رابردوودا دابەزیوە، ئابووریی وڵاتانی ئەوروپاش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزە و زیادکردنی رێژەی نرخی سوودی بانکییەوە خاوبووەتەوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت دروستکردووە، چونکە ترس هەیە کاریگەیی لەسەر خواست لەسەر نەوت کەمببێتەوە.

ئێدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری نەوت لە کۆمپانیای OANDA دەڵێت، “ئاسۆی خواستی لەسەر نەوت لە تێکشکاندایە، چونکە ئابووریی تەواوی وڵاتانی گەورە لە بنچینەدا لە خاوبوونەوەدایە.” 

نرخی زێڕ جێگیرە

نرخی زێڕ لە سەروو 1770 دۆلار ماوەتەوە و بەراورد بە رۆژی سێشەممەی رابردوو نرخەکەی بە جێگیری ماوەتەوە، چونکە وەبەرهێنەران چاوەڕێی ئاماژەی زیاترن لەسەر ئابووری جیهانی، هاوکات بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاریش کاریگەریی لەسەر نرخی زێڕ دانا و رێگریی لە بەرزبوونەوەی زیاتری کرد.

رۆژی چوارشەممە نرخی زێڕ نزیکەی 2 دۆلار بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک بە 1772 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت،  نرخی ئۆنسەیەکیش بۆ گرێبەستەکانی ئایندە بە رێژەی 0.1% دابەزی بۆ 1782 دۆلار و 35 سەنت. 

بازاڕەکان چاوەڕوانی ئامارەکانی بازرگانی و هەڵاوسانی چین، ئامارەکانی بەرهەمی ناوخۆیی چارەکی سێیەم لە ژاپۆن و ئوسترالیا و لە هەمووی گرنگتر، ئاماری هەڵاوسانی بەرهەمهێنەرانی ئەمریکا دەکەن کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بڵاوبکرێتەوە.

پێوەرەکانی نرخی بەرهەمهێنەرانی ئەمریکا بۆ مانگی رابردوو کە بڕیارە رۆژی هەینی بڵاوبکرێتەوە، لە نزیکەوە چاودێری دەکرێت، چونکە ئاماژەیەکە لەسەر رێڕەوی هەڵاوسان لە وڵاتەکەدا.

هاوکات نرخی دۆلار لەم هەفتەیەدا و لەدوای دابەزینی بۆ نزمترین ئاست لە پێنج مانگدا، بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر نرخی زۆرینەی کاڵاکان داناوە.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو بانکی ناوەندیی ئەمریکا کۆتا کۆبوونەوەی خۆی بۆ ئەمساڵ ئەنجام بدات. لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت بانکی ناوەندی بە رێژەیەکی تاڕادەیەک کەمتر لە پێشوو نرخی سوودی بانکی زیادبکات، بەڵام هۆشداری داوە لەوەی کە رێژەی نرخەکە لە ساڵی داهاتوودا بۆ ئاستێکی بەرزتر لە چاوەڕوانییەکان بەرزدەبێتەوە.