نرخی نەوتی برێنت بەرزبووەوە

ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت بە رێژەی 2% بەرزبووەوە، ئەوەش دوای ئەوەی وڵاتانی ئۆپێک ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان بە جێگیری هێشتەوە پێش ئەوەی ئەمڕۆ قەدەخەی نەوتی رووسیا لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. لە هەمان کاتدا لە نیشانەیەکی ئەرێنیدا بۆ خواست لەسەر نەوت، چەند شارێکی زیاتری چین لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا رێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆیان سووککردووە.

نرخی نەوتی برێنت 1 دۆلار و 84 سەنت و بە رێژەی 2.2٪ بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 87 دۆلار و 41 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش بە 1 دۆلار و 64 سەنت و بە رێژەی 2٪ بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 81 دۆلار و 62 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای ئەوە هات رۆژی یەکشەممە هاوپەیمانیی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لەنێویاندا رووسیا کە بە ئۆپێک پڵەس ناسراوە، بڕیاریدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت وەک خۆی بهێڵێتەوە و گۆڕانکاریی تێدا نەکات کە بریتییە لە کەمکردنەوەی 2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کە بڕیارەکە لە مانگی رابردووە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو کاری پێدەکرێت.

شرۆڤەکاران دەڵێن، بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس چاوەڕوانکراو بوو، ئەوەش لە کاتێکدایە گەورە بەرهەمهێنەرانی نەوت چاوەڕێی کاریگەری قەدەخەکردنی هاوردەکردنی نەوتی رووسیا لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا و دانانی نرخێکی دیاریکراون لەسەر نەوتی بە بۆریی هەناردەکراوی رووسیا لە لایەن کۆمەڵەی وڵاتانی G7 بە بڕی 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. رووسیا هەڕەشەی کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ هەر وڵاتێک دەکات کە پابەند بێت بە بڕیارەکەوە.

شرۆڤەکارانی کۆمپانیای ANZ Research لە یاداشتێکدا دەڵێن: “بڕیارەکە رەنگدانەوەی ناڕوونییە لە خواست و خستنەڕووی نەوت لە مانگەکانی داهاتوودا”.

ئان لویس هیتل، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای ود ماکنزی رایگەیاندووە، یەکێتیی ئەوروپا پێویستی بە شوێنگرتنەوەی نەوتی خاوی رووسیا دەبێت بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژئاوای ئەفریقا و ئەمریکا کە پێویستە لانیکەم لەماوەیەکی نزیکدا سنوورێک بۆ نرخەکانی نەوت دابنێت.

هیتل دەڵێت: “ئێستا نرخەکان بەهۆی پێشبینییەکانی گەشەی خاوی خواستەوە قوڕساییان لەسەرە، ئەوەش سەرەڕای قەدەخەکردنی هاوردەی نەوتی خاوی رووسیا لە لایەن یەکێتیی ئەوروپا و دانانی نرخێکی دیاریکراو لەسەر نەوتی رووسیا لە لایەن G7ـەوە. پێدەچێت خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو دوو بڕیارە بۆ ماوەیەکی کاتی پشتگیری لە نرخەکانی نەوت بکات”.

هۆکارێکی دیکەی سەرەکی کە کاریگەریی لەسەر ئاستی خواست لەسەر نەوت هەبووە، سیاسەتی بنبڕکردنی کۆرۆنایە لە چین، بەڵام پێدەچێت ئەو سیاسەتە ئێستا کەمتر سووککرابێت، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی چەند شارێکی ئەو وڵاتە، لە نێویاندا پەکین و شانگهای، رێکارەکان بە رادەی جیاواز سووککران، ئەوەش گەشبینی بە بووژانەوەی خواستی چین لەسەر نەوت دروستکردووە کە گەورەترین هاوردەکاری نەوتە لە جیهاندا و رۆژانە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوت هاوردە دەکات.

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ سەروو 1800 دۆلار بەرزبووەوە

نرخی زێڕ بەرزبووەوە و گەیشتە 1808 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، ئەوەش بەرزترین ئاستە لەداوی رۆژی 10ـی مانگی ئاب و بەراورد بە کاتی داخستنی بازاڕەکان لە رۆژی هەینی، نرخەکەی 0.2٪ بەرزبووەتەوە، نرخی ئۆنسەیەکیش بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو گەیشتە 1812 دۆلار و 60 سەنت بۆ هەر ئۆنسەیەک.

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بەهۆی دابەزینی پێنوێنی بەهای دۆلارەوەیە کە ئەمڕۆ بە رێژەی 0.1٪ دابەزینی تۆمارکرد.

هاوکات خاوەنکارەکانی ئەمریکا لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو زیاتر لە ئاستی پێشبینییەکان کارمەندیان دامەزراندووە و کرێیان زیادکردووە، ئەمەش نیگەرانییەکانی زیادبوونی سستیی ئابووریی هەڵگرت، بەڵام پێدەچێت ئەو ئامارە نەتوانێت رێگری لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بکات لەوەی زیادکردنی رێژەی سوودی بانکی بووەستێنێت کە رایگەیاندووە لەم مانگەوە دەست بە خاوکردنەوەی زیادکردنی رێژەکە دەکات.

کەمبوونەوەی رێژەی سوود زیاتر سوودبەخشە بۆ زێڕ، چونکە تێچووی دەرفەتی هەڵگرتنی ئەو سەروەت و سامانە کەمدەکاتەوە.

شرۆڤەکاران باس لەوە دەکەن، زیادکردنی نرخی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە بەردەوام سەرئێشە بۆ نرخی زێڕ دروست دەکات.

کۆمەڵەی بازاڕی زێڕی لەندەن رۆژی هەینی رایگەیاند، بنکەیەکی زانیاری (داتابەیس) لە بازاڕەکانی زێڕی رووسیا دروست دەکات کە لەلایەن بانکەکانەوە لە لەندەن هەڵگیراون، ئەوەش بۆ یارمەتیدان لە رێگریکردن لە خۆدزینەوەی کۆمپانیا رووسیەکان یان بانکی ناوەندیی رووسیا لە سزاکان.