پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

یه‌ده‌گی دراوی عێراق ٩٠ ملیار دۆلاری تێپه‌ڕاند

به‌رپرسێك له‌ بانكی ناوه‌ندیی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت کە یه‌ده‌گی دراوی عێراقی له‌ بانكی ناوه‌ندیی، ٩٠ ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی تێپه‌ڕاندووه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت تا كۆتایی ساڵ زیاتر ببێت، له‌ ساڵی ئاینده‌شدا دراوی ٢٠ هه‌زار دیناری چاپ دەکرێت.

ئیحسان یاسری، ڕاوێژكاری بانكی ناوه‌ندیی عێراق، به‌ میدیای فه‌رمی عێراقی گوت: یه‌كه‌مجاره‌ بڕی یه‌ده‌گی دراوی عێراق، له‌ بانكی ناوه‌ندیی عێراق، ٩٠ ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی تێپه‌ڕێنێت، ئەوەش نیشانەی باشتر بوونی ئابووری وڵاتە.
ڕاوێژكاری بانكی ناوه‌ندیی عێراق لە بەردەوامیی قسەکانیدا گوتی: له‌ پلاندایه‌ به‌شێك له‌و بڕه‌ پارە‌ بخرێته‌ خزمه‌ت یارمه‌تیدانی كه‌مداهاتنی كۆمه‌ڵگه‌ و خانه‌نشینان. ئه‌و چینه‌ی داهاتیان كه‌مه‌ ده‌بێت سودمه‌ندی سه‌ره‌كیی بن. جیا له‌وه‌، حكوومه‌ت سندوقێكی به‌ قه‌باره‌ی ١٨ ترلیۆن دینار دامه‌زراندووه‌، بۆ پاڵپشتیی پڕۆژه‌ پیشه‌سازی و كشتوكاڵی و بازرگانی و پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێكردن، كه‌ وه‌ك قه‌رز پێیان ده‌درێت. ملیاران دیناریش بۆ پشتیوانیی پڕۆژه‌ فەرهەنگییەکان و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قام و كه‌نیسه‌ و مزگه‌وته‌كان ته‌رخانكراوه‌.
هاوكات ئه‌و ڕاوێژكاره‌ی بانكی ناوه‌ندی عێراقی هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كۆتایی ساڵی ئاینده‌، دراوی ٢٠ هه‌زار دیناری به‌ كوالیتی به‌رز و پارێزراو چاپ دەکرێت.
هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی یه‌ده‌گی دراوی عێراق بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهان و زیاتر به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ كێڵگه‌كانی عێراق، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
زیاتربوونی یه‌ده‌گه‌كه‌ی عێراق له‌كاتێكدایه‌، عێراق داهاتێكی زۆری هه‌یه‌، بەڵام به‌وهۆ‌ی گه‌نده‌ڵیی و نەبوونی پلانی تۆکمەی بەڕێوەبردن‌، هاووڵاتانی له‌ دۆخێكی سه‌خت و له‌ژێر بارێكی قورسی داراییدا دەژین. له‌ ڕووی خزمه‌تگوزاریشه‌وه‌ عێراق لە ڕیزی وڵاتانی دواكه‌وتوو و بێخزمه‌تگوزاری هه‌ژمار ده‌كرێت.