ئەمڕۆ هەینی، نرخی زێڕ بۆ یەکەمجار لە سێ مانگی رابردوودا گەڕایەوە سەروو 1800 دۆلار بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو، نرخی ئەمڕۆی بازاڕیش 1796 دۆلارە بۆ هەر ئۆنسەیەک. هاوکات نرخی نەوتیش کەمێک بەرزبووەوە.
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ گوتاری جێرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە شەوی چوارشەممە لە واشنتن پێشکێشی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە بانکی ناوەندی بە رێژەیەکی کەمتر سوودی بانکی بەرزدەکاتەوە.
هەرچەندە جێرۆم پاوڵ رێژەی سوودی بانکی و بەرزکردنەوەکەی گرێدا بە ئامارەکانی هەڵاوسان کە لە چەند مانگی داهاتوو بڵاودەبنەوە، بەڵام گوتارەکەی کاریگەریی گەورەی لەسەر بازاڕی زێڕ و بۆرسەکانی ئەمریکا دانا.
هاوکات بڵاوکردنەوەی داتاکانی کار لە ئەمریکا کاریگەری هەیە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ کە پێشانی دەدات لە مانگی تشرینی دووەمدا بێکاری وەکو مانگەکانی رابردووتر کەمنەبووەتەوە. هەر ئاماژەیەکی پێشبینینەکراو لە بەهێزیی کەرتی کار، هێزی ئەوە دەداتە بانکی ناوەندیی وڵاتەکە رێژەی سوودی بانکی بەرزبکاتەوە.
نرخی نەوت بەرزبووەوە
دوای دابەزینەکەی رۆژی رابردووی، بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 2-12-2022 نرخی نەوت گەیشتە 87 دۆلار، هۆکارەکەیشی ئاسانکردنی رێکارەکانی رێگرییە لە کۆرۆنا لە چین.
رۆژی رابردوو، بەهۆی رەوشی ئابووریی چین کە دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکان دەرکەوت، چالاکیی کارگەکانی ئەو وڵاتە لە مانگی 11 سستبووەتەوە، نرخی نەوت دابەزیبوو. هەرچەندە لە رۆژانی سەرەتا و ناوەڕاستی هەفتە بەرزببووەوە.
کاژێر 08:00 بەکاتی هەولێر، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 87 دۆلار و پێنج سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش بە 81 دۆلار و 23 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
دابەزینی چالاکیی کارگەکانی چین دەگەڕێندرێتەوە بۆ رێوشوێنەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە لە دژی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە تەنانەت خۆپێشاندانی لە شارە گەورەکانی چین لێکەوتەوە، دوای ئەو خۆپێشاندانانەش حکومەتی چین رێکارەکانی کەمتر کردووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە بازاڕی نەوت چاوەڕوانی کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس دەکات بۆ ئەوەی بۆی دەربکەوێت کە تاوەکو چەند بەرهەمهێنەری نەوت ئامادەن بڕی خستنەڕووی نەوت کەمبکەنەوە.
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم، بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێک پڵەس بڕیاریاندا کە لە مانگی 11 و 12 دا رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل لە قەبارەی خستنەڕووی نەوت کەمبکەنەوە.
نرخی دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 149 هەزار و 475 دیناری عێراقی
یۆرۆ – دۆلار 1.05 EUR/USD
پاوەند – دۆلار 1.22 GBP/USD
دۆلار – لیرە 18.64 USD/TRY
یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 36 هەزار و 150 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 60.46 روبڵی رووسی