داهاتی عێراق بۆ مانگی تشرینی دووەم لە فرۆشتنی نەوت 8 ملیارو 231 ملیۆن دۆلار بووە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند كە كۆی گشتیی داهاتی فرۆشی نەوت بۆ مانگی تشرینی دووەم، هەشت ملیار و 231 ملیۆن دۆلار بووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێكدا پشت بەستن بە ئامارێكی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (SOMO)، بڕ و داهاتی فرۆشی نەوتی بۆ مانگی تشرینی دووەم بڵاوكردەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە، تیكڕای نەوتی هەناردەكراو لە مانگی تشرینی دووەمدا، 99 ملیۆن و867 هەزار و 946 بەرمیل بووە كە كۆی گشتیی داهاتەكەی گەیشتووەتە، هەشت ملیار و 231 ملیۆن دۆلار.
باسی لەوەیش كردووە كە لە مانگی تشرینی دووەمدا، بڕی نەوتی هەناردەكراو لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، 97 ملیۆن و 204 هەزار و 696 بەرمیل بووە و بڕی نەوتی هەناردەكراو لە كەركووك لەڕێگای بەندەری جەیهانی توركیاوە، گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 363 هەزار و 20 بەرمیل.
ئاماژە بەوەیش دراوە كە لە مانگی تشرینی دووەمدا، رۆژانە تێكڕا سێ ملیۆن و 329 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەكراوە.
لە راگەیەندراوەكەدا، هەروەها ئەوەیش خراوەتەڕوو كە لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوودا، یەك بەرمیل نەوت تێكڕا بە (82) دۆلار فرۆشراوە.