چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

نرخی زێڕ بەرزبووەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی زێڕ بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمارکرد و نرخی هەر ئۆنسەیەکی بە رێژەی 0.5٪ بەرزبووەوە بۆ 1778 دۆلار و گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە سێ مانگی رابردوودا.

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو، پەیوەست بە مانگی دووی ساڵی داهاتوو بە رێژەی 1.8٪ بەرزبووەوە بۆ 1791 دۆلار.

هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ گوتاری جێرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە شەوی رابردوو لە واشنتن پێشکێشی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە بانکی ناوەندی بە رێژەیەکی کەمتر سوودی بانکی بەرزدەکاتەوە.

هەرچەندە جێرۆم پاوڵ رێژەی سوودی بانکی و بەرزکردنەوەکەی گرێدا بە ئامارەکانی هەڵاوسان کە لە چەند مانگی داهاتوو بڵاودەبنەوە، بەڵام گوتارەکەی کاریگەریی گەورەی لەسەر بازاڕی زێڕ و بۆرسەکانی ئەمریکا دانا.

نرخی نەوت دابەزی

نرخی نەوت نەیتوانی درێژە بە بەرزبوونەوەکانی سێ رۆژی رابردووی خۆی بدات، ئەوەش بەهۆی رەوشی ئابووریی چین کە دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکان دەرکەوت، چالاکیی کارگەکانی ئەو وڵاتە لە مانگی 11 سستبووەتەوە.

نرخی نەوتی برێنت 24 سەنت دابەزی و بە 86 دۆلار و 73 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش 17 سەنت دابەزی و بە 80 دۆلار و 37 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

پێنوێنی (پی ئێم ئای) کە هێمای چالاکیی کارگەکانی چینە لە مانگی 11 دابەزی بۆ 50 بەراورد بە مانگی 10 کە 50.2 بوو.

دابەزینی چالاکیی کارگەکانی چین دەگەڕێندرێتەوە بۆ رێوشوێنەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە لە دژی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە تەنانەت خۆپێشاندانی لە شارە گەورەکانی چین لێکەوتەوە.

ئێستا بازاڕی نەوت چاوەڕوانی کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس دەکات بۆ ئەوەی بۆی دەربکەوێت کە تاوەکو چەند بەرهەمهێنەری نەوت ئامادەن بڕی خستنەڕووی نەوت کەمبکەنەوە.

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم، بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێک پڵەس بڕیاریاندا کە لە مانگی 11 و 12 دا رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل لە قەبارەی خستنەڕووی نەوت کەمبکەنەوە.