نرخی نەوتی برێنت بەرزبووەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەهۆی کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا و هەروەها گەشبینی بە  ئاسانکردنی رێوشوێنەکانی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن حکومەتی چین، بەرزبووەوە. نرخی زێڕ جێگیرە و بەهای یۆرۆ بەرامبەر دۆلار دابەزی.

هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 65 سەنت بەرزبووەوە بە 83 دۆلار و 68 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش 68 سەنت بەرزبووەوە و بە 78 دۆلار و 88 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بەپێی داتاکانی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، پێشبینی دەکرێت کە لە هەفتەی رابردوودا قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا 7 ملیۆن و 900 هەزار کەمی کردبێت کە بووەتە هۆکار بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت.

هەروەها بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس کۆببێتەوە و پێشبینی دەکرێت بەردەوام بێت لە سیاسەتی کەمکردنەوەی رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل کە پاڵپشتیی زیاتری بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت دروستکردووە.

نرخی زێڕ بە نزیکەی 1750 دۆلارە

جیاواز لە نرخی نەوت، ئەمڕۆ نرخی زێڕ تاڕادەیەکی زۆر بە جێگری ماوەتەوە و هەر ئۆنسەیەک بە 1748 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. بەڵام نرخی زێڕ لە ئاستی مانگانەدا بەهۆی پێشبینییەکان بۆ خاوبوونەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر سیاسەتی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

نرخی زێڕ لەم مانگەدا بە رێژەی نزیکەی 7٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە سەرەتای ئەم هەفتەیە رایگەیاندووە هەندێ لە ئەندامی لیژنەی بازاڕی ئازادی بانکەکە داوا دەکەن بە رێژەیەکی کەمتر سوودی بانکی لە مانگی داهاتوودا بەرزبکرێتەوە کە بووەتە هۆکار بۆ پاڵپشتیکردنی نرخی زێڕ.

لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی شرۆڤەکاران هەر چەشنە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ پەیوەستە بەوەی کە تاوەکو چەند هەڵاوسان لە ئەمریکا کۆنترۆڵ دەکرێت و بەرەو دابەزین دەڕواتەوە.

نرخی دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:

100 دۆلار بەرامبەرە بە 149 هەزار و 325 دیناری عێراقی

یۆرۆ – دۆلار 1.03 EUR/USD

پاوەند – دۆلار 1.19 GBP/USD

دۆلار – لیرە 18.64 USD/TRY

یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 35 هەزار و 900 تمەن USD/IRR

یەک دۆلاری ئەمریکی: 60.86 روبڵی رووسی

ھەواڵی زیاتر