پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردی بناخەی 892 یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان دانرا

ئەمڕۆ یەکشەممە 27/11/2022، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕایگەیاند، هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان و کرێنشینان بەردەوامە و 13ی 11ی ئەمساڵ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردی بناخەی 892 یەکە دانرا.

لەم بارەیەوە، شڤان عەبدی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: 892 یەکە لە کۆی 20 هەزار یەکەکەی نیشتەجێبوون کە بۆ کەمدەرامەت و کرێنشینان دروست دەکرێن، دەکەونە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بە دوو قۆناخ دروست دەکرێن.

ئاماژەی بەوەش داوە: لە قۆناخی یەکەمدا، 576 یەکە لە کەرتی تلکەبەر و لە قۆناخی دووەمیشدا 316 یەکە لە کەرتی سەلکا دروست دەکرێن و بڕیارە لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو بکرێن.

هەر لەم بارەیەوە، جگەر تاهیر، بەڕێوەبەری گشتیى وەبەرهێنانی زاخۆ، سەبارەت بە ڕووبەری شوێنی تەرخانکراو و گوژمەی یەکەکانەوە دەڵێت: ڕووبەری یەکەکان لەو شوێنانەی کە بۆیان تەرخان کراوە، 40 دۆنم زەوییە. گوژمەی دروستکردنی یەکەکانیش 48 ملیار و 82 ملیۆن دینارە.

دەشڵێت: 446 یەکە لە کۆی ئەو 892 یەکەیەی کە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروست دەکرێن، ڕووبەریان 100 مەتر دووجایە و 446 یەکەکەی دیکەش، ڕووبەریان 120 مەتر دووجایە.

لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ کەمدەرامەت و کرێنشینان لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دا و وەک یەکەم شوێنیش لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردی بناخەی داندرا.