نرخی نەوت لە دوایین کاتی داخستنی بازاڕەکاندا بەهۆی نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خواست لەلایەن چین، هەروەها دانانی ئاستێک بۆ نرخی نەوتی رووسیا لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە گرووپی حەوت وڵاتی پیشەسازی گەورەی جیهانەوە دابەزی.
نرخی نەوتی برێنت 1 دۆلار و 37 سەنت دابەزی و بە 83 دۆلار و 97 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە 1 دۆلار و 32 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
فیل فلین، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (پرایس فیوچەرز گرووپ) سەبارەت بە دابەزینی نرخی نەوت رایگەیاند، بەهۆی پشووی رۆژی سوپاسگوزاری قەبارەی مامەڵەکان لە بازاڕدا کەمبووەوە و یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت بۆ کەمبوونەوەی قەبارەی مامەڵەکان دەگەڕێتەوە.
هەردوو نرخی نەوتی برێنت و نرخی نەوتی سووکی تەکساس، بۆ ماوەی 3 هەفتەی بەردەوامە لە ئاستی هەفتانەدا دابەزین بەخۆیانەوە دەبینین، بەوپێەی لە ماوەی یەک هەفتەدا نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 3.8٪ و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە رێژەی 3.9٪ دابەزیون.
چین، گەورەترین هاوردەکاری نەوتی خاوە و رایگەیاندووە، بەربەستی نوێ لەسەر هاتووچۆ دادەنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
بانکی ئۆسترالیی نیوزلاندی ANZ رایگەیاند، ” تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین خواستی چینی بۆ بەکارهێنانی نەوت بە بڕی رۆژانە 1 ملیۆن بەرمیل کەمکردووە.”
هەروەها ئەندامانی گرووپی حەوت وڵاتی پیشەسازی جیهان پێشنیازیان کردووە نەوتی رووسیا لە بازاڕدا بە نزیکەی 65 تاوەکو 70 دۆلار بفرۆشێت و ئەوەش بەپێی شرۆڤەکاران دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی نەوتی رووسیا بەردەوام لە بازاڕی نەوتدا بمێنێتەوە.
هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 1754 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
لە دوایین کاتی داخستنی بازاڕەکاندا لە رۆژی هەینی، نرخی زێڕ لە نزیکەی 1754 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر دراوەکانی دیکەدا بووە هۆکار بۆ ئەوەی نرخی زێڕ نەتوانێت بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوەکانی چەند رۆژی رابردووی خۆی.
جیم ویکۆڤ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کیتکۆ مێتاڵ) رایگەیاند، “بەهۆی پشووی رۆژی سوپاسگوزارییەوە قەبارەی مامەڵەکان کەم بوون و بەوپێیەش نرخی زێڕ بەزۆری لە رۆژی هەینی بەجێگریی ماوەتەوە.”
ویکۆڤ دەڵێت، کەمیی قەبارەی مامەڵەکان بووەتە هۆکار کە نرخی زێڕ نەتوانێت ئاراستەی خۆی بگۆڕێت.
لە درەنگانی شەوی هەینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بە رێژەی 0.3٪ بەرزبووەتەوە کە بووەتە بەربەست لەبەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
جیم ویکۆڤی شرۆڤەکار پێیوایە دانانی بەربەستی تووندتری هاتووچۆ لەلایەن چینەوە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی کانزا و کاڵاکان کەمبێتەوە.