ئەمڕۆ هەینی، نرخی نەوت و زێڕ بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە نزیکەی 86 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، نرخی زێڕیش بەردەوامیی دا بە بەرزبوونەوەکانی و هەر ئۆنسەیەک بە 1759 دۆلارە.
رۆژی رابردوو، دوای دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە، نرخی زێڕ ئاستی 1750 دۆلاری تێپەڕاند کە بە ئاستێکی هەستیار هەژمار دەکرێت و بە تێپەڕاندنی ئەو ئاستەش، پێشبینییەکان وان کە مەترسی لەسەر دابەزینی لە هەفتەکانی دیکەدا کەمتر دەبێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 25-11-2022، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو بە 1759 دۆلار و 15 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی زێڕیش بۆ گرێبەستەکانی ئێستا بە 1758 دۆلار و 90 سەنتە.
بەپێی راپرسییەکان، ئێستا بە رێژەی 80٪ـی چانسی ئەوە هەیە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی تەنیا بە رێژەی 50٪ بەرزبکاتەوە. لە چەند مانگی رابردوودا بانکی ناوەندی سوودی بانکی هەر جارێک بە رێژەی 0.75٪ بەرزکردبووەوە.
نرخی نەوتی برێنت بەرزبووەوە
لە هەفتەی رابردوودا نرخی نەوت دابەزی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینیش دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخەکەی بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 85 دۆلار و 73 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش بە 78 دۆلار و 52 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەکاتێکدایە، بەپێی چەندین سەرچاوە لە یەکێتیی ئەوروپاوە، ئەندامانی ئەوروپی گرووپی حەوت بەنیازن نرخی نەوتی رووسیا لە نزیکەی 65 بۆ 70 دۆلار دابنێن.
بانکی (کامێن وێلس) لەو بارەیەوە رایگەیاند، هەرچەندە ئەو نرخەی لەسەر نەوتی رووسیا دانراوە نرخێکی بەرزە، بەڵام ئەوە دڵنیایی دەداتە بازاڕ کە نەوتی رووسیا بەردەوام دەبێت لە بازاڕدا و کەمیی خستنەڕوو روونادات.
هەرچەندە نرخی نەوت ئەمڕۆ کەمێک بەرزبووەتەوە، بەڵام لەسەر ئاستی گشتی بۆ ماوەی سێ هەفتەی لەسەر یەکە نرخەکان روو لە دابەزینن.
نرخی دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 750 دیناری عێراقی
یۆرۆ – دۆلار 1.04 EUR/USD
پاوەند – دۆلار 1.21 GBP/USD
دۆلار – لیرە 18.62 USD/TRY
یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 35 هەزار و 300 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 60.62 روبڵی رووسی