چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

نرخی زێڕ بەرزبووەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە، ئاستی 1750 دۆلاری تێپەڕاند کە بە ئاستێکی هەستیار هەژمار دەکرێت و هەر ئۆنسەیەک بە 1753 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی نەوتیش بەردەوامی بە دابەزینەکانی دا.

دوێنێ چوارشەممە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە رێژەی سوودی بانکی لە داهاتوودا کەمتر بەرزدەکەنەوە، ئەوەش بووە هۆکاری دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە.

بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، نیگەرانیی زۆر سەریهەڵداوە لەسەر بڕیارەکانی بانکەکە لەسەر بەرزکردنەوەی زۆری رێژەی هەڵاوسان کە مەترسی دروستکردووە بۆ سەر گەشەی ئابووریی ئەمریکا و لەبەرئەوەش لە قۆناخەکانی دیکەدا سوودی بانکی بە رێژەیەکی کەمتر بەرزدەکاتەوە.

بەپێی راپرسییەکان، ئێستا بە رێژەی 80٪ـی چانسی ئەوە هەیە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی تەنیا بە رێژەی 50٪ بەرزبکاتەوە. لە چەند مانگی رابردوودا بانکی ناوەندی سوودی بانکی هەر جارێک بە رێژەی 0.75٪ بەرزکردبووەوە.

نرخی نەوتی برێنت دابەزی

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەردەوام بوو لە دابەزینەکانی ئەم هەفتەیەی خۆی.

هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نیگەرانییەکان لەسەر کەمبوونەوەی نەوت لە بازاڕدا کاڵ بوونەتەوە، هەروەها وڵاتانی ئەندام لە گرووپی حەوت وڵاتی پیشەسازی جیهان سەرقاڵی دانانی ئاستێکی دیاریکراون بۆ نرخی ئەو نەوتەی رووسیا کە رێگەی پێدەدرێت لە بازاڕدا بخرێتەڕوو.

نرخی نەوتی برێنت بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 43 سەنت دابەزی و بە 84 دۆلار و 98 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش 35 سەنت دابەزی و بە 77 دۆلار و 59 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت بۆ زیادبوونی قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا دەگەڕێتەوە.

بەپێی چەندین سەرچاوە لە یەکێتیی ئەوروپاوە، ئەندامانی ئەوروپی گرووپی حەوت بە نیازن نرخی نەوتی رووسیا لە نزیکەی 65 بۆ 70 دۆلار دابنێن، ئەوەش بووە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی نەوت لە رۆژی چوارشەممەدا بە رێژەی 3٪.

بانکی (کامێن وێلس) لەو بارەیەوە رایگەیاند، هەرچەندە ئەو نرخەی لەسەر نەوتی رووسیا دانراوە نرخێکی بەرزە، بەڵام ئەوە دڵنیایی دەداتە بازاڕ کە نەوتی رووسیا بەردەوام دەبێت لە بازاڕدا و کەمیی خستنەڕوو روونادات.

نرخی دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:

100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 800 دیناری عێراقی

یۆرۆ – دۆلار 1.04 EUR/USD

پاوەند – دۆلار 1.21 GBP/USD

دۆلار – لیرە 18.62 USD/TRY

یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 35 هەزار و 260 تمەن USD/IRR

یەک دۆلاری ئەمریکی: 60.52 روبڵی رووسی