نرخی نەوتی برێنت بۆ سەرووی 88 دۆلار بەرزبووەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی نەوت بەهۆی کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا بەرزبووەوە. نرخی زێڕیش بە جێگیری ماوەتەوە.

بەرزبوونەوەکە بەشێوەیەکە، نرخی نەوتی برێنت 25 سەنت بەرزبووەوە و بە 88 دۆلار و 61 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 35 سەنت بەرزبووەوە و بە 81 دۆلار و 30 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، یەدەکی نەوتی ئەو وڵاتە هەفتەی رابردوو 1.1 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا تەنیا 600 هەزار بەرمیل کەمبکات.

لەلایەکی دیکەوە ئیمارات، کوێت، عێراق و جەزائیر دووپاتیان کردووەتە کە پابەندن بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس لەسەر کەمکردنەوەی قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت. ئەمە بووە هۆکاری ئەوەی کە نرخی نەوت رۆژی رابردوو بە رێژەی 1٪ بەرزبێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، مانگی داهاتوو یەکێتیی ئەوروپا هاوردەکردنی نەوتی رووسیا قەدەخە دەکات. هەروەها ئەندامانی گرووپی 7 وڵاتی پیشەسازی بڕیاریانداوە کە سیاسەتی دانانی ئاستێک بۆ نرخی نەوتی رووسیا جێبەجێ بکەن. ئەمانە هەمووی بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانانی نەوت نیگەرانی کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت بن.

نرخی زێڕ جێگیرە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی زێڕ بە جێگیری مایەوە و هەر ئۆنسەیەک بە 1741 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

چەندین بەرپرسی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەم هەفتەیە رایانگەیاند، بە ئەگەری زۆرەوە لە مانگی داهاتوودا سوودی بانکی تەنیا بە رێژەی 0.5٪ بەرزدەکەنەوە. لەلایەکی دیکەوە هەندێ لە راپۆرتەکان پێشبینی دەکەن بەوەی کە هەڵاوسان لەم مانگەدا رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و لەبەر ئەوەش بازرگانان بە وریاییەوە مامەڵە بە زێڕەوە دەکەن.

پێشبینیی دەکرێت ئەگەر بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی تەنیا بە رێژەی 0.5٪ بەرزبکاتەوە، نرخی زێڕ ئاراستەی بەرزبوونەوە بگرێتەبەر، بەڵام ئەگەر هاتوو داتاکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵاوسان لەم مانگەدا ئاشکرای بکەن کە هەڵاوسان لە ئەمریکا دانەبەزیوە، نرخی زێڕ دادەبەزێت.

نرخی دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:

100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 650 دیناری عێراقی

یۆرۆ – دۆلار 1.03 EUR/USD

پاوەند – دۆلار 1.18 GBP/USD

دۆلار – لیرە 18.62 USD/TRY

یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 35 هەزار و 500 تمەن USD/IRR

یەک دۆلاری ئەمریکی: 60.72 روبڵی رووسی

ھەواڵی زیاتر