نرخی نەوت زیاتر دابەزی

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت دابەزی. زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە چین هۆکاری سەرەکیی دابەزینەکەیە. نرخی زێڕیش لە بەرزترین ئاستەکانی سێ مانگی رابردووی خۆیدایە و کەمێک بەرزبووەتەوە.

حکومەتی چین لە هەفتەی رابردوو رێکارەکانی دژی تەشەنەکردنی کۆرۆنای ئاسانکرد، ئەوەش ببووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. 

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 16-11-2022 یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 26 سەنت دابەزی و بە 93 دۆلار و 60 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 38 سەنت دابەزی و بە 86 دۆلار و 54 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

لە لایەکی دیکەوە بەپێی نوێترین ئامارەکانی حکومەتی چین، کەرتی وردەفرۆشی لە مانگی رابردوودا بە رێژەی 0.5٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و هەروەها چالاکییە ئابوورییەکان لەو وڵاتە سستبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی چەندین شەپۆلی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە تاوەکو ئێستاش لەو وڵاتە کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

بەپێی ئامارەکان، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری پیشەسازی گوانژۆ پێنج هەزار کەسی تێپەڕاندووە و بەو هۆیەشەوە هیواکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە گەورەترین هەناردەکاری نەوتی جیهان کەمبووەتەوە.

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بە 1776 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

ئەمڕۆ نرخی زێڕ بە بەهێزی مایەوە و پارێزگاری لە بەرزترین ئاستەکانی سێ مانگی رابردووی خۆی کرد. هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 1776 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا و ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا لە مانگی 12 بە رێژەیەکی کەمتر لە مانگەکانی رابردوو بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی هەستێکی ئەرێنی لای بازرگانانی زێڕ دروست ببێت.

هێرشی مووشەکی لەسەر پۆڵەندا کە گیانلەدەستدانی دوو کەسی لێکەوتەوە و ئەگەری ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ناتۆی لێکەوتووەتەوە، هەروەها بووەتە پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رەتیکردووەتەوە کە هێرشەکە لەلایەن رووسیاوە ئەنجام درابێت، بەڵام ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا رایانگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەن. لەلایەنی دیکەوە، لێدوانی جیاوازی بەرپرسانی ئەمریکا کاریگەریی دژبەیەکی لەسەر بازاڕی زێڕ داناوە.

رافایل بۆستیک، سەرۆکی لقی ئاتلانتای بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە لێدوانێکی دژ بە لێدوانی بەرپرسانی دیکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئاماژەی کەم بەدیدەکرێن لەسەر ئەوەی کە سیاسەتی نەختینەیی تووندی بانکی ناوەندی بووبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و لەبەر ئەوەش بانکی ناوەندی پێویست دەکات بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی.

لێدوانەکانی بۆستیک بووە هۆکار بۆ ئەوەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ سنووردار بێت.

سەرەتای ئەم هەفتەیە لایل برەینارد، جێگری سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاندبوو، پێویستە بانکی ناوەندی هەنگاوەکانی بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی خاوبکاتەوە بۆ ئەوەی ئابووریی ئەمریکا نەباتە قۆناخێکی سەختی سستبوونەوە.

ھەواڵی زیاتر