سەرۆکی دەزگای سەرەم ئازاد بەرزنجی: بە 72 کتێب و چوار پانێل بەشداری پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێبی سلێمانی دەکەین

بڕیارە لە ڕۆژانی 17 بۆ 26ی ئەم مانگە چوارەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب لە پایتەختی ڕۆشنبیری بە بەشداری زیاتر لە 200 ناوەندی چاپی ناوخۆیی و بیانی بکرێتەوە. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم یەکێکە لەو دەزگایانەی کە لە پێشانگەکە بە کۆمەڵێک کتێبی نوێ و ئامادەکاری نوێوە بەشدارە و بۆ ئەم مەبەستە “هەولێر” لە نزیکەوە سەرۆکی دەزگای سەرەم ئازاد بەرزنجی دواندا…

*ئامادەکارییەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بۆ خولی چوارەمی پێشانگەی کتێب لە سلێمانی چییە؟
-هەڵبەت ئێمە لە دەزگای سەردەم لەمساڵدا بەر لە پێشانگە کۆمەڵێک کتێبی زۆرمان چاپکردووە. بەتایبەتیش بۆ پێشانگە نزیکەی 35-40 کتێبمان لە چاپداوە، کە بۆ یەکەمجار لەوێ بڵاو دەکرێنەوە. کتێبەکانیش کتێبی جۆراوجۆرن هەر لە کتێبی فیکریی و ئەدەبییەوە تا شانۆ و سینەما و کۆمەڵەچیرۆک. بەڵام کۆی کتێبە چاپکراوەکانی دەزگای سەردەم لەمساڵدا دەبێتە 72 کتێب، ئەمە بێجگە لە دوو ژمارەی تازەی بڵاوکراوەی “ڕۆڤار”، هەروەها شەش ژمارەی گۆڤاری “منداڵی سەردەم” و هەشت ژمارەی زنجیرەی “دۆسییەی سەردەم”، کە هەر ژمارەی تایبەتە بە بابەت و تەوەرێکی فیکریی و ئەدەبی. هاوکات دەزگاکەمان بە داشکاندنی 30% بۆ 35% و لە ڕووبەری 36 مەتردا پێشوازی لە خوێنەران دەکات.
*هاوکاری ئێوە هەم وەکو نووسەر و وەرگێڕ، هەم وەکو دەزگاکەتان بۆ پێشانگەکە چییە؟
-وەک ئاگادارن ئەم پێشانگەیە کۆمپانیای ئەتڵەس ئەسیل دەیکاتەوە، کە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتە و ئەم کارە لە چوارچێوەی گرنگیدانیاندایە بۆ کتێب. ئەوان داوایان لە ئێمە کرد تا لە ڕووی تەکنیکییەوە هاوکارییان بکەین. هەوڵمانداوە هاوکارییان بکەین بەتایبەت سەبارەت بەو بڵاوکراوەیەی بە بۆنەی پێشانگەکە چاپ و بڵاودەکرێتەوە هاوکاریان دەبین. هەروەها بۆ پانێلەکانیش هاوکارییان بین. مادام کارەکە جوڵەیەکی رۆشنبیرییە و لە خزمەتی نووسەران و رۆشنبیراندایە ئێمە بە هەموو توانامانەوە پشتگیرییان دەکەین.
*کاک ئازاد باست لە پانێلەکان کرد، هەڵبەت دەزانن پێشانگە تەنها جێگەیەک نییە بۆ فرۆشتنی کتێب، بەڵکو جوڵەیەکی ڕۆشنبیرییە. سەردەم لە چەند پانێلدا بەشدارە؟

  • ئێمە لە چوار بۆ پێنج پانێلدا بەشدارین، کە لە بواری ڕەخنەی ئەدەبی و لێکۆڵینەوە و بابەتی دیکەی وەکو سینەمایی دایە.
    *سلێمانی، نازناوی پایتەختی رۆشنبیریی هەیە، بەڵام هەموو ساڵێک بە زەحمەتەوە پێشانگەکە دەکرێتەوە. بە ڕای ئێوە چی بکرێت تا ئەم پێشانگەیە جێگیر بێت تا ئەم جوڵە ڕۆشنبیرییە بەردەوامی هەبێت؟
    -لە راستیدا ئەمە دەکەوێتە سەر ئەم کۆمپانیایە، کە ئەگەر دەیانەوێت پەرەی پێ بدەن پێویستە پەنا بۆ ئەو ڕێکارانە بەرن، کە دەبنە هۆی بەرەوپێشبردنی پێشانگەکە و فراوانکردن و هەمەڕەنگکردنی پێشانگەکە. ئێمە خۆشمان سەرنج و بۆچوونی خۆمان پێیانداوە و لەسەر ئەو بوارانە قسەمان کردووە. پێویستە دەزگاکانی چاپیش هاوکاری پیشانگەکە بن و بە بەرهەمی نوێ پیشانگەکە ڕەونەقدارتر بکەن.
    وەکو دەزگای سەردەم بە وردی پێشنیار و تێبینی و ڕەخنەی خۆمان ڕووبەڕووی بەرپرسیانی پێشانگەکە کردووەتەوە، هەتا ڕەخنەی ئەوەمان پێ گەیاندوون ناکرێت کەسێک لە لاکۆڵانێکدا چوار کتێبی چاپ کردووە وەکو دەزگا حسابی بۆ بکرێت. پێشانگە شوێنی کۆکردنەوەی دەزگا جیاوازەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەیە. کە باس لە پیشانگە دەکرێت واتە جێگەیەک بۆ کۆکردنەوەی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە نەک کتێبفرۆشییەکی لاکۆڵاندا (لەگەڵ ڕێزم).
    *24 ساڵ بەسەر دامەزراندنی دەزگای سەردەمدا تێدەپەڕێت. دەزگای سەردەم لە سلێمانی وەکو (دەزگای دایک) وایە، بەرپرسانی پێشانگە لەبەر ئەم تایبەتمەندییە هیچ ئاسانکارییەکیان کردووە بۆ دەزگای دایک؟
    -لە ڕاستیدا ئەوان لوتفیان نواند، کە وەکو ئەوەی ئێمە کۆنترین دەزگای چاپ و پەخشە لە کوردستاندا گوتیان دەمانەوێت ئێوە ڕێنماییمان بکەن. ئێمە لەو ڕووەوە هاوکاریمان کردوون. داوای ئەوەمان کردووە، کە لەبەر ئەوەی ئێمە کۆنترین دەزگای چاپین کەواتە پێویستە ئەو شوێنەی بۆ ئێمە دیاری دەکرێت بە دڵی خۆمان بێت.
    *دوا وتەی ئێوە بۆ ئەم کەرنەڤاڵە کولتوورییە؟
  • تەنها دەمەوێت چ ئەوانەی وەکو نووسەر و رۆشنبیر کار دەکەن چ دەزگاکانی چاپ پێویستە هەموومان هەوڵ بدەین ڕووبەری کتێبی باش لە پێشانگەکە زیادتر بکەین و ئەو کتێبانە بخەینە بەردەستی خوێنەران کە کۆمەڵگە بەرەو شارستانی و کرانەوە دەبان نەک بەرەو داخران و تەسکبینی و بیرکردنەوەی تاریک.
ھەواڵی زیاتر