پسپۆڕێكی كورد توێژینەوەیەكی نوێ لەسەر كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان بڵاو دەكاتەوە

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

دكتۆر ئازاد ساڵح پسپۆڕێكی كوردی خەڵکی هەرێمی كوردستانە و، لە بواری كشتوكاڵدا ژمارەیەک توێژینەوەی لە گۆڤارە جیهانییەكان و زانكۆ بەناوبانگەكانی جیهان پێشكەش كردووە و لە چەند هەفتەی ڕابردووشدا تازەترین توێژینەوەی خۆی لە زانكۆیەكی بەناوبانگی توركیا بە ناوی زانكۆی بینگوڵ پێشكەش كردووە.

دكتۆر ئازاد ساڵح لە توێژینەوەكەیدا باس لە بەبازاڕكردنی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان دەكات، ئەو كێشانە دەخاتە روو کە رووبەڕووی جووتیاران دەبێتەوە.
هەر لە توێژینەكەیدا ئەو پسپۆڕە كوردە باسی لە دۆزینەوەی چارەسەری گونجاوی خۆبژێوی و ڕێوشوێنەكان دەكات كە پێویستە جووتیارانی هەرێمی كوردستان بیگرنە تا بەرهەمەكانی بەرەوە زیادبوون بچێت.
ئەو توێژەرە كوردە دەڵێت: لە سەرەتای مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٢دا ڕاپرسییەك لەگەڵ ٤٢ جووتیار کرا، لە ئەنجامدا دەركەوت كە نەبوونی پاڵپشتیی دارایی، نەبوونی ژێرخانی پێویست دوای دروێنە، نەبوونی قەرزی پێویست، تێچووی زۆری ئاودێری و نەدرانی پارە لە كاتی خۆیدا كێشەی سەرەكین لە كەرتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان.
هەر لە توێژینەوەكدا دكتۆر ئازاد پێی وایە كە هەبوونی پاڵپشتییەكی ڕوونی ئاودێری و پاراستنی مافەكانی ئاوی ناوچەكە و.. جێبەجێكردنی ستراتیژییەكانی كشتوكاڵی بەردەوام دەتوانێت ڕۆڵی كشتوكاڵ لە ناوچەكەدا باشتر بكات. دەكرێت سەندیكای جووتیاران بۆ دیاریكردنی نرخەكان و زاڵبوون بەسەر كێشەكانی جووتیاران وەكو دەڵاڵی و بەبازاڕكردنی بەرهەمەكان دابمەزرێت.

ھەواڵی زیاتر