نرخی نەوت دابەزی

نرخی نەوت دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نزیکەی 1 دۆلار دابەزی، هەروەها نرخی زێڕیش بەردەوامە لە دابەزین و هەر ئۆنسەیەک بۆ نزیکەی 1670 دۆلار دابەزی. 

هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بۆ سیاسەتی حکومەتی چین دەگەڕێتەوە لە نەهێشتنی هیچ تووشبوویێکی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا.

بەپرسانی چین سەرەتای ئەم هەفتەیە رایانگەیاند، بەردەوام دەبن لە “سیاسەتی تووند” بەرامبەر شەپۆلی نوێی کۆرۆنا لەو وڵاتە و بەو هۆیەشەوە بازرگانان پێشبینی دەکەن خواست لەلایەن چینەوە بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمبێتەوە.

رۆژی دووشەممە 7-11-2022 ، هەر بەرمیلێك نەوتی برێنتی دەریای باکوور 1 دۆلار و 20 سەنت دابەزی و بە 97 دۆلار و 37 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1 دۆلار و 37 سەنت دابەزی و بە 91 دۆلار و 24 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

تینا تێنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (Market  CMC) رایگەیاند، ” زۆربوونی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین ئاسۆی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی و تەموومژاوی کردووە.”

تینا تێنگ هەروەها دەشڵێت، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاریش یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەیە کە نرخی نەوتیان دابەزاندووە.

نرخی زێڕ دابەزی بۆ نزیکەی 1670 دۆلار

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ دابەزی و دوورکەوتەوە لە ئاستە بەرزەکانی خۆی لە هەفتەی رابردوودا. ئەمڕۆ هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.6٪ دابەزی و بە 1670 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

دابەزینی نرخی زێڕ بەهۆی دووبارە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار روویداوە کە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانەی کە بە دراوێکی جیاواز لە دۆلاری ئەمریکی مامەڵە بە زێڕ دەکەن، کڕینی زێڕ لەلایەن گرانتر بووەستێت.

مات سیمسۆن، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (سیتی ئیندێکس) رایگەیاند، “زۆر جێگەی سەرسووڕمان نییە ئەگەر نرخی زێڕ ئاراستەیەکی پێچەوانەی هەفتەی رابردووی خۆی بگرێتەبەر.” 

سیمسۆن دەشڵێت، ئەو جۆرە گۆڕانکارییانە لە نرخی زێڕ زۆر جار روودەدات. 

رۆژی هەینی نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 3٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش دوای ئەوەی کە بەهای دۆلار بە رێژەی 2٪ دابەزیبوو.

ھەواڵی زیاتر