کڕین و فڕۆشتنی دۆلار لە بازاری تاران ڕاوەستا

لەم ڕۆژانەدا کە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران و خۆپێشاندانە جەماوەرییەکان دژی حکوومەتی ئەو وڵاتە بەردەوامە و هیوای بەئەنجامگەیشتنی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاواییش زۆر لاوازە، خەڵک پارە و سەرمایەکانی خۆیان لە بۆرسە و بانک و بازاڕەکانی وەبەرهێنانی ئێران دەکێشنەوە و دۆلار و زێڕ دەکڕن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهای پارەی نیشتمانیی ئێران بەردەوام ڕووی لە دابەزینە و ئێستا لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتەدا نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتووتە سەرووی 36 هەزار تمەن.

ڕەوتی خێرای دابەزینی بەهای پارەی نیشتمانیی ئێران لە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووەوە دەستی پێ کرد و لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا 10٪ بەهای پارەی نیشتمانیی ئەو وڵاتە کەم بووەوە.

هەر لەم بارەیەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 6/11/2022 میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند، دۆلار لە بازاڕی تاران دەست ناکەوێت و کڕین و فرۆشتنی ڕاوەستاوە.

لەم بارودۆخەدا بانکی ناوەندیی ئێران ماڵپەڕێکی بۆ فرۆشتنی دۆلار بە شێوەی ئۆنلاین ڕاگەیاندبوو کە بڕیار بوو لە ڕۆژی شەممەوە خەڵک لەو ڕێگەیەوە داوای کڕینی دۆلار بکەن و نووسینگەکانی گۆڕینەوەی پارەش داواکاریی ئەو کەسانەی بە ئۆنلاین داوای دۆلار دەکەن بخنە پێشەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان هەر لە یەکەم ڕۆژەوە ئەو ماڵپەڕە لەکار کەوتووە.