سایلۆکانی هەرێم توانای کۆگاکردنی ٤٨٥ هەزار تەن گەنمیان هەیە

حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی لە پارێزگای سلێمانی، کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیارانی ئەو سنوورە دەکات. 

بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و پارێزگاری سلێمانی و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەردی بناغەی “سایلۆی سلێمانی و پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران” لەو شارە دانرا کە لە ٣٠ سایلۆ و کۆگای هەڵگرتنی گەنم و پێنج کارگەی بەرهەمهێنانی ئارد، ساوەر، بڕوێش، پاستە و عەلەفی ئاژەڵ و گەنمەکوتاو پێکهاتووە کە ساڵانە توانای وەرگرتنی ١٥٠ هەزار تۆن گەنمیان هەیە.

پڕۆژەکە کە بە هاوبەشی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەرتی تایبەت (سێ کۆمپانیا) و لەسەر ڕووبەری ٥٠٠ دۆنم زەوی دروست دەکرێت، بە هۆیەوە گرەنتی ئاسایشی خۆراک دەکرێت و هۆکارێکی گەورەشە بۆ کێبڕکێی ئابوری لە نێو جوتیاران و تەنانەت هەناردەکردنی گەنم و ئاردی جوتیارانی ئەو پارێزگایە. ئەوە جیا لەوەی کە ئەو مەترسییە تەندرووستییەش دەڕەوەێتە لەسەر هاووڵاتیان کە ئەگەری هەیە لە هاوردەکردنی بەرهەمەکان تووشی بن.”

کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامە و هەلی کاری بۆ ٣٠٠ دەستی کاری ناوخۆیی ڕەخساندووە، بەتەواوبوونیشی دەتوانێت پێنج هەزار هەلی کار بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بڕەخسێنێت. پڕۆژەکە کە گوژمەکەشی ١٢٨ ملیۆن دۆلارە، لە چەند قۆناخێک پێک دێت و لە ماوەی پێنج ساڵدا تەواو دەکرێت. تا ئێستا ٧٨٪ـی قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە تەواو بووە، کە پێکهاتووە لە ١٢ سایلۆ بە توانای وەرگرتنی ٦٠ هەزار تۆن گەنم و هاوکات کارگەی بەرهەمهێنانی ئاردیش لە خۆ دەگرێت. 

پڕۆژەی نیشتمانیی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتی کشتوکاڵی و بەتەواوبوونیشی؛ ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش لە پارێزگای سلێمانی دەستەبەر دەکات. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە مەراسیمی کردنەوەی پڕۆژەکە ڕایگەیاند “دروستکردنی ئەم پڕۆژەیە ئەوەمان بیر دەهێنێتەوە کە بەڵێنەکانی حکومەت یەک لە دوای یەک جێبەجێ دەکرێن و لە پاڵ ئەوەشدا دڵنیایی دەداتە جوتیارانمان کە چیتر خەمی ئەوەیان نەبێت بەرهەمەکانی خۆیان چی لێ بکەن”.

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی دروستکردنی سایلۆ و بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە هەموو پارێزگاکانی هەرێم جێبەجێ کراوە و دەکرێت کە لە توانایاندا هەیە ساڵانە ٥٠٠ هەزار تۆن گەنم وەربگرن. بەدەر لە پڕۆژەکەی سایلۆی سلێمانی، دەکرێت ئاماژە بە جێبەجێکردنی پڕۆژە نیشتمانییەکانی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران بکەین لە پارێزگای هەولێر و دهۆک و ئیدارەی گەرمیان:

ـ پڕۆژەی نیشتمانیی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە پارێزگای هەولێر:

ئەم پرۆژەیە یەکێکە لە پرۆژە هەر گرنگەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە لەسەر رووبەری ١٢.٠٠٠ دوانزە هەزار دۆنم زەوی دروست دەکرێت و لە ٤٠ سایلۆی گەورە و ١١ کارگەی بەرهەمە خۆراکییەکان پێک دێت کە هەر سایلۆیەی توانای هەڵگرتنی پێنج هەزار تەن گەنمی هەیە و ساڵانە دەتوانێت ١٠٠ هەزار تۆن گەنمی جوتیاران وەربگرێت و ساڵانە ٥٠٠ هەزار تۆن گەنم کۆگا بکات و بەکاربهێنرێتەوە بۆ ئەو پێداویستیانە کە لە گەنم دروست دەکرێت.

ـ پڕۆژەی نیشتمانیی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە سێمێلی پارێزگای دهۆک:

پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی سایلۆیەکی مۆدێرن و عەمبارکردن و بەهەمهێنانی خۆراک و بە بازاڕکردنی گەنم و دانەوێڵە و دروستکردنی بەرهەمە خۆراکییەکان بە تازەترین تەکنەلۆجیا و بە گوێرەی ستانداردە جیهانییەکان کە بە بڕی ١٢١ ملیۆن دۆلار جێبەجێ کراوە.

ـ پڕۆژەی نیشتمانیی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە ئیدارەی گەرمیان:

پڕۆژەی سایلۆی کەلار کە بە گوژمەی ٢١ ملیار دینار و لەسەر ڕووبەری ٢٠ دۆنم جێبەجێ کراوە، توانای هەڵگرتنی ٤٠ هەزار تەن گەنمی هەیە و دەتوانرێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ گەنمی تێدا هەڵبگیرێت و توانای وەرگرتنی ٤٠ هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی دەڤەری گەرمیانی هەیە و لە ١٦ کۆگای وەرگرتنی گەنم پێک هاتووە کە هەریەکەیان دوو هەزار و ٥٠٠ تۆن گەنمی تێدا جێگا دەبێتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا پێنج کۆگای تایبەتیش بۆ هەڵگرتنی بەرهەمە خۆراکییەکان لەگەڵی دروست کراوە، ئەمە سەرەڕای بوونی تاقیگه‌ و قه‌پان و دوو ئامێری وه‌رگرتنی گه‌نم بۆ پشكنین له‌ جۆری فلامینگۆ و كۆگایه‌كی ئاوی ١٤٠ مەتری سێجا‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ دابه‌شكردنی ئاو بۆ پڕۆژە‌كه‌ و هەلی کاریش بۆ زیاتر لە ٢٥٠ کەس دەخوڵقێنێت.

شایەنی باسە، هەرێمی کوردستان بە ٣٨ هەزار و ٩٤٨ جوتیارەوە، تا پێش کەبینەی نۆیەم، تەنها ٦ سایلۆ هەبوو کە زۆربەیان لەسەر شێوازی کۆن دروست کرابوون و کۆی توانای هەموویان تەنها ٢٢٠ هەزار تەن دانەوێڵەی هەڵگیراو بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە سەرووی ٤٨٥ هەزار تەن و بەم شێوەیە دابەش بوونە:

پارێزگای هه‌ولێر (١٠٠ هەزار تەن)

ـ سایلۆی هه‌ولێر: (٦٠ هەزار تەن)

ـ قوشته‌په: (٤٠ هەزار تەن)

پارێزگای دهۆك: (١٤٥ هەزار تەن)

ـ سایلۆی شێخان: (٦٠ هەزار تەن)

ـ سایلۆی زاخۆ: (١٥ هەزار تەن)

ـ سایلۆی فایده: (٣٠ هەزار تەن)

ـ سایلۆی ڕۆڤیا: (٤٠ هەزار تەن)

پارێزگای سلێمانی: (٢٤٠ هەزار تەن)

ـ سایلۆی پیره‌مه‌گروون: (٨٠ هەزار تەن)

ـ سایلۆی سه‌ید سادق: (٤٠ هەزار تەن)

ـ سایلۆی كه‌لار ـ به‌رلووت: (٤٠ هەزار تەن)

ـ سایلۆی چه‌مچه‌ماڵ: (٤٠ هەزار تەن)

ـ سایلۆی ڕانیه‌ ـ چوارقورنه: (٤٠ هەزار تەن)

ھەواڵی زیاتر