بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوتی برێنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێکی بە سەرووی 95 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات نرخی زێڕیش چەند دۆلارێک بەرزبووەوە.
رۆژانی دووشەممە و سێشەممە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی کە چین دەگەڕێتەوە بۆ پلانی قەدەخەی هاتووچۆ و گەیاندنی تووشبووانی کۆرۆنا بە سفر، نرخی نەوتی برێنت دابەزی بوو.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ئەمڕۆ چوارشەممە بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی بە بڵاوکردنەوەی داتاکان هەیە لە ئەمریکا کە پێشانی دەدات کە قەبارەی نەوتی کۆگاکراو، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، بەراورد بە هەفتەی رابردوو دابەزیوە.
بەپێی ئەو داتایانە کە ئینستیتیوتی پێترۆلیۆمی ئەمریکی بڵاویکردوونەتەوە، قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا 6.5 ملیۆن بەرمیل کەمبووەتەوە کە زۆر لەوە زیاترە کە چاوەڕوان دەکرا. پێشبینیی شرۆڤەکاران و بازاڕەکان وابوو کە 4.5 ملیۆن بەرمیل بەراورد بە هەفتەی پێشووتری بەرزببێتەوە.
داتاکانی ئەو ئینستیتیوتە ئەمریکییە ئەوە پێشان دەدات کە خواست بۆ بەکارهێنانی سووتەمەنی لە ئەمریکا کە خاوەنی گەورەترین ئابووریی جیهانە، جێگیرە.
نرخی زێڕ تاڕادەیەک جێگیرە
بەهۆی جێگیریی بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە، نرخی زێڕ لە ئاستێکی تاڕادەیەک جێگیر، 1650 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، ماوەتەوە. هاوکات نرخی زێڕ بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو تاوەکو سەرووی 1653 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بڕیارە ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی ئەمریکا کۆببێتەوە و چاوەکان لەسەر ئەوەن کە تاوەکو چەند سوودی بانکی بەرزدەکاتەوە، ئەوەش دواتر کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخی زێڕ دەبێت.
نرخی دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 145 هەزار و 900 دیناری عێراقی
یۆرۆ – دۆلار 0.988 EUR/USD
پاوەند – دۆلار 1.15 GBP/USD
دۆلار – لیرە 18.60 USD/TRY
یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 33 هەزار و 770 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 61.53 روبڵی رووسی