وەزارەتی نەوتی عێراق لە ماوەی مانگێكدا زیاتر لە نۆ ملیار دۆلاری لە فرۆشتنی نەوتی خاودا بەدەستهێناوە

بەپێی ئامارە سەرەتاییەكانی كۆمپانیای “سۆمۆ”ی بەبازاڕكردنی نەوتی عێراقی، كۆی گشتی هەناردەكردنی نەوتی خاو (104) ملیۆن و 831) هەزار و (120) بەرمیل بووە، كە داهاتەكەی (9.258) ملیار دۆلار بووە.
ئامارەكە ئاماژە بەوە دەكات، كۆی گشتی بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو بۆ مانگی تشرینی یەكەم لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق (102) ملیۆن و (70) هەزار و (427) بەرمیل بووە، هەروەها لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك لە رێگای بەندەری جەیهانی توركییەوە دوو ملیۆن و (417) هەزار و (893) بەرمیل ) بووە.
تێكڕای بڕی ڕۆژانە بڕی (3) ملیۆن و (382) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا بووەو تێكڕای نرخی هەر بەرمیلێكیش زیاتر لە (88.31) دۆلار بووە.
لە چوارچێوەیەكی پەیوەندیداردا، خالد هەمزە، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای نەوتی بەسرە، ڕایگەیاند، كۆمپانیای نەوتی بەسرە بەرزترین ڕێژەی هەناردەكردنی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەدەستهێناوە، بەو پێیەی ڕێژەی هەناردەكردن لە بەندەرەكانی دەریای باشوورەوە بۆ مانگی تشرینی یەكەم گەیشتە ( 3,293) ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا.