نرخی نەوتی برێنت دابەزی 

نرخی نەوت دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا درێژەیدا بە دابەزینەکانی رۆژی دووشەممەی خۆی و هەر بەرمیلێك نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ سێشەممە 4 سەنت دابەزی و بە 92 دۆلار و 77 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 18 سەنت دابەزی و بە 86 دۆلار و 35 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین بووە هۆکاری داخستنی کۆمەڵەی گەشتیاریی دیزنی لە شانگهای؛ هەروەها رێوشوێنەکانی حکومەتی چین بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیای ئەپڵی بە رێژەی 30% دابەزاندووە.

تینا تێنگ، شرۆڤەکاری بازاڕی نەوتی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (CMC مارکێتز) رایگەیاند، “هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی سیاسەتی نەهێشتنی هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا لە چین، پێشبینی دەکرێت خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت کەم ببێتەوە.”

نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خواستی چین بۆ نەوتی خاو هێندە کاریگەریی کردووەتەسەر بازاڕی نەوت کە تەنانەت بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا بۆ ئاستی 12 ملیۆن بەرمیل نەیتوانیوە رێگری لە دابەزینی نرخی نەوت بکات.

نرخی زێڕ بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی یەک هەفتەدا دابەزی

نرخی زێڕ بە جێگیری مایەوە، دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە گەیشتە کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی زیاتر لە یەک هەفتەدا. بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 1633 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا.

بازرگانان چاوەڕوانی راگەیاندنی سوودی بانکین، کە بڕیارە ئەم هەفتەیە لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە بڵاوبکرێتەوە.

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە سەرەکییەکانی جیهان بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای زێڕ لە رۆژی رابردووەوە تاوەکو ئەمڕۆ.

پێشبینی کراوە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان لەو وڵاتە ئەم مانگەش بە رێژەی 0.75ی دیکە سوودی بانکی بەرزبکاتەوە، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بە رێژەی 0.8% لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا.

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار کاریگەریی پێچەوانە لەسەر نرخی کاڵا و کانزاکان دادەنێت و نرخەکان دادەبەزێنێت.

لە لایەکی دیکەوە قەبارەی زێڕی کۆگاکراو لەلایەن گەورەترین سندووقی وەبەرهێنانی زێڕ ناسراو بە SPDR بە رێژەی 0.22% کەمبووەتەوە و دابەزیوە بۆ 920 تۆن، ئەوەش بە مانای ئەوەیە کە ئەو سندووقە لە یەدەگی زێڕی خۆی کەمکردووە و زێڕی فرۆشتووە.

ھەواڵی زیاتر