لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای چۆمان و ناحیەكانی قەسرێ و گەڵاڵە جێبەجێ دەکرێن.
لەم بارەیەوە سوارا ئەكڕەم، قایمقامی قەزای چۆمان ڕاگەیاند: “لە درێژەی كار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا دوای بەدواداچوون و هەوڵەكانمان بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕەزامەندیی دەربڕی بۆ جێبەجێکردنی 10 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سەنتەری قەزای چۆمان و ناحیەی قەسرێ و گەڵالە و دەوروبەری”.
ئاماژەی بەوەش كرد : “ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی لە سنوورەكەمان ڕەزامەندییان لەسەر دراوە، لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە شێوەی ڕاستەوخۆ جێبەجێ دەكرێن”.
قایمقامی قەزای چۆمان ئاشكراشی دەكات: “لە ساڵی 2022 زیاتر لە دوو ملیارد دینار لە سنوورەكەمان خراوەتە خزمەت پڕۆژەكانەوە و بە تەواوبوونیان هاووڵاتییان سودێكی زۆریان لێ دەبینن.”