چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

نرخی نەوت دابەزی

نرخی نەوت لە دوایین ساتی داخستنی بازاڕەکان بە رێژەی 1٪ دابەزی و هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 89 سەنت دابەزی و بە 96 دۆلار و 7 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 88 سەنت دابەزی و بە 88 دۆلار و 20 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بۆ زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بە شەپۆلی نوێی کۆرۆنا لە چین دەگەڕێتەوە کە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی رێوشوێنی نوێ لە دژی پەرەسەندنی ئەو ڤایرۆسە بگیرێتە بەر.

ژمارەی تووشبووان لە چین بە ڤایرۆسی کۆرنا بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە 1500 کەس و بەوهۆیەشەوە بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە شارە جیاوازەکان هاتووچۆیان سنووردار کردووە.

ستێڤان برۆنۆک، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( PVM ) رایگەیاند، “بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین زیادیکردووە، ئەستەمە خواستی ئەو وڵاتە بۆ بەکارهێنانی نەوت زیادبێت.”

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1647 دۆلار دابەزی 

هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە دوایین ساتی مامەڵەکانی ناو بازاڕدا بە رێژەی 1.13٪ دابەزی و بە 1647 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ بۆ بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە مانگی 9 لە ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە ئاماژە بەوەدەدەن هەڵاوسان هێشتا لە ئەمریکا لە ئاستێكی بەرزدایەوە لەبەرئەوەش رەنگە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی بانکەکە.

تای وانگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (هێرایوس پێریشیۆس مێتاڵ) رایگەیاند، ” بەرزبوونەوەی نرخەکانی بەکاربەر بە رێژەی 05٪ لە ئاستی مانگانەدا یان 6٪ لە ئاستی ساڵانەدا دەبێتە هۆکار بۆ بەردەوامبوونی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی.”

رۆژی هەینی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە دراوەکانی دیکە بە رێژەی 3٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی کە یەکێکە لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی کانزای زەرد.

بۆرسەکانی ئەمریکا بە رێژەی زیاتر لە 2.5٪ بەرزبوونەوە

رۆژی هەینی بەهای بۆرسەکانی ئەمریکا بەهۆی داتا ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و پێنوێنی پیشەسازی داوجۆنز 828 خاڵ بەرزبووەوە. هەروەها پێنوێنی ئێس ئەند پی پێنسەد بە رێژەی 2.5٪ بەرزبووەوە و پێنوێنی ناسداکیش بە رێژەی 2.9٪ بەرزبووەوە.

بەرزبوونەوەی بەهای بۆرسەکانی ئەمریکا دوای ئەوە هات کە ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان و هەستی بەکارهێنەر لە ئەمریکا دەریانخست ئاستی مووچەکان لە کەرتی تایبەتدا لە ئەمریکا لە چارەکی سێیەم بە رێژەیەکی بەرچاوە دابەزیوە. 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا قەبارەی خەرجیی بەکارهێنەر کە 2 لەسەر 3ی ئابووریی ئەمریکا پێکدەهێنێت لە مانگی رابردوودا بە رێژەی 0.6٪ بەرزبووەتەوە. 

هەروەها نرخەکانی بەکاربەر لە مانگی 9ی ئەمساڵ بەراورد بە مانگی 9ی ساڵی رابردوو بە رێژەی 6.2% بەرزبوونەوەی پێوە دیارە. 

سەرەڕای بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە ئەمریکا، بەڵام دابەزینی ئاستی مووچەکان بازرگانان و وەبەرهێنانی دڵخۆش کردووە کە رەنگە هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخەکان لەوە بەدواوە بەرەو دابەزین بڕوات و ئەوەش هەستێکی ئەرێنی لە بۆرسەکانی ئەمریکا دروستکرد کە بووتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای بازاڕەکان.