دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار بەرزبووەوە و بەشێک لە زیانەکانی رۆژی دووشەممەی قەرەبووکردەوە. هەروەها نرخی ئۆنسەیەک زێڕیش بەرزبووەوە بۆ 1552 دۆلار.
رۆژی سێشەممە 25-10-2022، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 12 سەنت بەرزبووەوە و بە 93 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 22 سەنت بەرزبووەوە و بە 84 دۆلار و 80 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا، چالاکی بازرگانی لەو وڵاتە بۆ ماوەی چوار مانگی یەک لە دوای یەک لە مانگی 10 دا دابەزیوە و ئەوەش ئاماژەیەکی داوە بە بازرگانان بەوەی کە رەنگە بانکی ناوەندیی ئەمریکا وەک چۆن پلانی بۆ داڕشتووە بەردەوام نەبێت لە تووندکردنەوەی خێرای سیاسەتی نەختی؛ ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار لە رۆژی سێشەممە کە بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و کانزاکان.
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1552 دۆلار بەرزبووەوە
نرخی زێڕ بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە.
هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا ئەمڕۆ بە رێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە و بە 1652 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بازرگانانی زێڕ گرەویان لەسەر ئەوە کردووە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا هێندە بەخێرایی و بە رێژەیەکی بەرز سوودی بانکی لە دوو مانگی داهاتوو بەرزنەکاتەوە، ئەمە دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی بەهای زێڕی لێکەوتووەتەوە.
سەرەڕای ئەوەش هێشتا بەپێی راپرسییەکان لە سەرەتای مانگی داهاتوو 100٪ چەنسی ئەوە هەیە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی بە رێژەی 0.75٪ ی دیکە بەرزبکاتەوە بۆ ئاستی 4٪، بەڵام هەندێ لە شرۆڤەکاران پێشبینی دەکەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە مانگی 12 دا هەنگاوەکانی بۆ بەرزکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی خاو بکاتەوە.
نرخی زێڕ بە تووندی گرێدراوی سوودی بانکییە لە ئەمریکا و بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی خواست لەسەر کڕینی کانزای زێڕ.
بەپێچەوانەوە ئەگەر سوودی بانکی کەمبکرێتەوە یان بە رێژەیەکی کەمتر لە ئاستی چاوەڕوانییەکان بەرزبکرێتەوە کاریگەری ئەرێنی لەسەر نرخی زێڕ دادەنێت.
نرخی دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 145 هەزار و 500 دیناری عێراقی
یۆرۆ – دۆلار 0.987 EUR/USD
پاوەند – دۆلار 1.12 GBP/USD
دۆلار – لیرە 18.60 USD/TRY
یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 32 هەزار و 770 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 61.25 روبڵی رووسی