نرخی نەوت دابەزی و زێڕ بەرزبووەوە

لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت بەهۆی نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا لە مانگی داهاتوودا و هەروەها بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دابەزی.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 24-10-2022، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 41 سەنت دابەزی و بە 93 دۆلار و 9 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. 

هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 41 سەنت دابەزی و بە 84 دۆلار و 64 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

سەرەڕای ئەوەی بانکی ناوەندیی ژاپۆن دەستکاری لە بازاڕی دراودا کرد، بەڵام بەهای دۆلار لە بەرامبەر یەنی ژاپۆنی و دراوەکانی دیکە هەر لە ئاستە بەرزەکانی خۆی لە 20 ساڵی رابردوودا ماوەیەوە.

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بووە هۆکاری دابەزینی نرخی کاڵا و کانزاکان. بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی بۆ جارێکی دیکە بەرزبکاتەوە.

بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.75 پێشبینی دەکرێت ببێتە هۆکار بۆ سستبوونەوەی زیاتری ئابووریی ئەمریکا و کەمبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو.

لەلایەکی دیکەوە ژمارەی سەکۆ نەوتییەکانی ئەمریکا بەپێی کۆمپانیای خزمەتگوزاری بەیکر هیوز هەفتەی رابردوو 21  سەکۆ زیادیکرد و گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی دوو ساڵی رابردوو، ئەوەش بە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت هەژمار دەکرێت.

نرخی زێڕ بەرزبووەوە

نرخی زێڕ توانی بەردەوامی بدات بە بەرزبوونەوەکانی هەفتەی رابردووی خۆی و هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 1659 دۆلار.

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هاوکات بووە لەگەڵ دابەزینی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا.

یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ ئەمرۆ دووشەممە بەپێی شرۆڤەکاران، بەرزبوونەوەی خواستە لە هیندستان بۆ کڕینی کانزای زەرد.

دابەزینی بەرچاوی نرخی زێڕ لە سەرەتای هەفتەی رابردوو بۆ ئاستی 1619 دۆلار بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی خواست بۆ کڕینی زۆر لە هیندستان زۆر بێت و ئەوەش کاریگەری لە بەرزکردنەوەی نرخەکان داناوە.

ھەواڵی زیاتر