وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و یۆنان لیژنەیەکی هاوبەش پێکدەهێنن

بۆ بەشداری کردن لە پێشانگای (ئەگریکۆی نێودەوڵەتی) کە لەشاری سالۆنیکی یۆنان رێکخراوە، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان چەند رۆژێکە لەو وڵاتەیە و لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی یۆنان، وەبەرهێنەران و بازرگانانی ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە.

وەزارەتی کشتوکاڵ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، وێڕای بەشداریکردن لە پێشانگاکە شاندەکەی وەزارەت لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی یۆنان کۆبووەتەوە و لیژنەیەکی هاوبەشیان لەنێوان هەردوو وەزارەت پێکهێناوە، بە مەبەستی  پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بەرەو پێشبردنی سێکتەری کشتوکاڵی و هەماهەنگی کردنی نێوان هەردوولا، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارە وەزیری کشتوکاڵی یۆنان سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتوو، وەزارەتی کشتوکاڵ لەگەڵ چەندین کۆمپانیا و وەبەرهێنەری کەرتی تایبەتی یۆنانی دیدار و کۆبونەوەیان ئەنجامداوە، بانگهێشتیان کردوون بۆ کوردستان، ئەمەش  بە مەبەستی گواستنەوەی ئەزموون و ساغکردنەوە و بە بازاڕکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی جووتیاران، ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری پیشەسازی کشتوکاڵی، دروستکردنی بەنداو، پڕۆژەکانی ئاودێری و بەسەرکردنەوەی پڕۆژەکان لە هەرێمی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر