بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی زێڕ دابەزینێکی گەورەی تۆمارکرد، نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا لە مانگی داهاتوو بە رێژەی 0.75٪ هۆکاری سەرەکیی دابەزینەکەیە. لەلایەکی دیکەوە نرخی نەوت بەرزبووەوە.
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رێژەی 0.1٪ دابەزی و بە 1627 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، دوای چەند کاژێرێکیش کەمێک بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 1630 دۆلار.
دابەزینی نرخی زێڕ لە کاتێکدایە، سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە دوای ساڵی 2008ـەوە، ئەوەش بەهای دۆلاری بەرزکردووەتەوە و بەهای کانزاکانی دابەزاندووە.
نیل کاشکاری، بەڕێوەبەری لقی بانکی مینیاپڵسی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاندووە، بەرزبوونەوەی بەردەوامی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بانکەکە ناچار دەکات سوودی بانکی بە رێژەی 0.75٪ـی دیکە لە مانگی داهاتوو بەرزبکاتەوە.
نرخی نەوت بەرزبووەوە
پێچەوانەی نرخی زێڕ، ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوت دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا پارێزگاری لە بەرزبوونەوەکانی چەند رۆژی رابردووی خۆی کرد.
نرخی نەوتی برێنت گۆڕانکارییەکی کەمی بەخۆیەوە بینی و هەر بەرمیلێک بە 92 دۆلار و 30 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا بە رێژەی 0.3٪ بەرزبووەوە و، هەر بەرمیلێک بە 84 دۆلار و 80 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای ئەوە دێت کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا بە بڕی 15 ملیۆن بەرمیل لە کۆگای ستراتیژیی ئەمریکا ئازادبکات و بیداتە بازاڕی نێوخۆیی ئەو وڵاتە، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ دابەزاندنی نرخەکان. سەرەڕای ئەوەش، بەهۆی کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی یەدەککراو لە ئەمریکا، نرخی نەوت رۆژی پێنجشەممە بەرزبووەتەوە.
بڕیارەکەی بایدن بەو مانایە دێت کە لە ماوەی مانگێکدا رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت دەخرێنەڕوو، بەڵام ئەو بڕە کەمترە لە بڕیاری ئۆپێک پڵەس بۆ نەهێشتنی رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل لە بازاڕدا و، بەو پێیەش، بڕیارەکەی جۆ بایدن نەیتوانی نرخەکانی نەوت دابەزێنێت.
بازرگانان هەروەها چاوەڕوانی کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی هەناردەکاری رووسیا دەکەن، بەو پێیەی وڵاتە ئەوروپییەکان بڕیاریان داوە لە کۆتایی ئەمساڵدا هیچ بڕە نەوتێک لە رووسیا نەکڕن.
نرخی دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 147 هەزار دیناری عێراقی
یۆرۆ – دۆلار 0.976 EUR/USD
پاوەند – دۆلار 1.12 GBP/USD
دۆلار – لیرە 18.58 USD/TRY
یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 32 هەزار و 720 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 61.00 روبڵی رووسی