کۆمپانیاکانی بواری وزە لە هەرێمی کوردستان دەستبەرداری کارەکانیان نابن

دادگای فیدراڵی عێراق لە مانگی شوباتی رابردوودا، بە بڕیارێکی نادەستووری یاسای نەوت و گازی ساڵی 2007-ی ھەرێمی کوردستانی ھەڵوەشاندەوە و فشار لەو کۆمپانیا بیانیانە دەکات، کە لە کەرتی وزەی کوردستان ئیشدەکەن، بەڵام کۆمپانیای رووسنەفت و گازپڕۆم نەفتی رووسی لە کارکردن لە کوردستاندا بەردەوامن، کاربەدەستانی رووسیا دەڵێن کۆمپانیا رووسییەکان بەپێی یاسا لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و بەردەوامیش دەبن.

ڤیچیسلاڤ میشینکە، سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی شیکاری پیشەسازی سوتەمەنی و وزەی رووسیا رایگەیاند: “هیچ هۆکارێک نییە بۆ جێبەجێ نەکردنی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق هەمانە، وەزارەتی وزە و ئۆرگانەکانی دیکەش پشتیوانی لە کۆمپانیاکانی وزە دەکەن، چونکە ئەرکی خۆیان رادەپەڕێنن، پێشتریش سەرۆک پوتن پشتڕاستی کردەوە، کە گرێبەستەکانیان یاسایین و لێیان پاشگەز نابنەوە، بەڵام ئێستا پرسیار ئەوەیە کە گەمارۆکان چ مەرجێک بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان زیاد دەکەن، چونکە بە کەمکردنەوەی وەبەرهێنان لەلایەن رێکخراوی ئۆپێکەوە، سعوودیە دەستبەجێ نیگەرانی لەلایەن ئەمەریکاوە پێگەشت، بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە بە سەرۆک بایدنیشەوە بە نەرێنی باسیان لە بڕیارەکە کرد و جۆرێک لە هەڕەشەیان ئاراستەی سعوودیە و ئیمارات کردووە”.

سەرەڕای ئەوەی رووسیا لە شەڕدایە و گەمار و سزاکانی سەری تادێت زیاتر دەبێت، بەڵام ئەو رەوشە کاریگەری بۆ  وەبەرهێنان و کارکردنی کۆمپانیاکانیان لە هەرێمی کوردستاندا نەبووە.

سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی رووسیا، دەڵێت: “ئێمە بەشێوەیەکی گشتی لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوکار و هەمانگین و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوانماندا هەیە، هاوکات لەگەڵ ئەواندا، لە ریزی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و وزەین، ئێمە لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵات هاوبەش و هاوپەیمانین، پاشان ئێمە دەمانەوێت ئەم پەیوەندییانە برەو پێبدەین و بەهێزیان بکەین، چونکە ئەگەر پێکەوە بین کاریگەریمان زیاتردەبێت  و هیچ کەسێک ناتوانێت بە ئاسانی زاڵ بێت  بەسەرماندا”.

لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە، رووسیا یەکێک بوو لەو  ولاتانەی بۆ یەکەمجار کونسوڵخانەی گشتی خۆی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کردەوە و کۆمپانیا گەورەکانی وزەشی  بەشێوەیەکی چالاکانە هاتنە ناو کەرتی وزەی کوردستانەوە، ئێستا کە دادگای فیدراڵی عێراق فشار لە کۆمپانیا بیانییەکان دەکات کوردستان جێبهێڵن، کاربەدەستانی رووسیا، بۆ وەستاندنی کارەکانییان لە کەرتی وزەی کوردستاندا، هیچ پاساوێک نابینن.