نرخی نەوت دابەزی و زێڕ ناجێگیرە 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت درێژەی بە دابەزینەکانی چەند رۆژی رابردووی خۆی دا و هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 93 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی زێڕیش ناجێگیرە و بازرگانان چاوەڕوانی راگەیێندراوی ئەمڕۆی بانکی ناوەندیی ئەمریکان. 

بازرگانانی نەوت نیگەرانی خاوبوونەوەی ئابووریی ئەمریکان کە دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت. ئەمڕۆ چوارشەممە، 12-10-2022، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 51 سەنت دابەزی و بە 93 دۆلار و 78 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 69 سەنت دابەزی و بە 88 دۆلار و 66 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینییەکانی خۆی بۆ گەشەی ئابووریی جیهان بۆ 2023 دابەزاند و بەوپێیەش مەترسی ئەوەی کە ئابووریی جیهان بڕواتە قۆناخی سستبوونەوە، زیادیکردووە.

سەرەڕای پێشبینییەکانی بۆ کەمکردنەوەی گەشەی ئابووریی زۆربەی وڵاتانی جیهان، سندووقی نێودەوڵەتیی دراو داوای لە بانکە ناوەندییەکان کرد بە هەر شێوازێک بێت کاربکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی رێژەی هەڵاوسان.

لۆرێتا مێستر، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە لقی کیلڤلاند رایگەیاند، بانکی ناوەندی ناچارە بەردەوام بێت لە تووندکردنەوەی سیاسەتی نەختی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵاوسان.

نرخی زێڕ ناجێگیرە

نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەردەوام بوو لە دابەزین. بازرگانان چاوەڕوانی راگەیێندراوی ئەمڕۆی بانکی ناوەندیی ئەمریکان لەسەر چۆنییەتیی هەنگاوەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی.

لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.1٪ دابەزی و بە 1663 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام دوای چەند کاژێرێک کەمێک بەرزبووەوە بۆ سەرووی 1665 دۆلار، ئێستاش لەو سنوورەدا بە ناجێگیری ماوەتەوە. 

کاژێر 09:00ـی شەوی چوارشەممە بە کاتی هەولێر، بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەیاننامەیەک دەردەکات سەبارەت بە کۆبوونەوەی مانگی رابردووی بانکەکە و بازرگانان بەدوای ئاماژە دەگەڕێن بۆ ئەوەی بۆیان دەربکەوێت کە هەنگاوی داهاتووی بانکەکە سەبارەت بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی چۆن دەبێت.

هەروەها سبەی پێنجشەممە ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان لە مانگی ئەیلوول لە ئەمریکا بڵاودەکرێنەوە کە بە تووندی کاریگەری لەسەر بازاڕەکان دادەنێت.

ھەواڵی زیاتر