نرخی نەوت دابەزی

نرخی نەوت بەردەوامیدا بە دابەزینەکانی رۆژی رابردووی خۆی و بە رێژەی 2٪ دابەزی. بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی نەوتن.

رۆژی سێشەممە 11-10-2022 ، نرخی نەوتی برێنت 57 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 95 دۆلار و 62 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی برێنت رۆژی دووشەممە 1 دۆلار و 73 سەنت دابەزیبوو.

هەروەها هەر بەرمیلێك نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 55 سەنت دابەزی و بە 90 دۆلار و 58 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش رۆژی دووشەممە 1 دۆلار و 51 سەنت دابەزیبوو.

بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بۆ ماوەی 5 رۆژی بەردەوامە بەرزبووەتەوە و بازرگانان چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسان دەکەن کە لەم هەفتەیەدا بڵاودەبێتەوە بۆ ئەوەی بزانن کە هەنگاوی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا چۆن دەبێت.

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی کاڵا و کانزاکان.

بانکی ئۆستراڵیی نیوزلاندی ANZ  رایگەیاند “داتاکانی هەفتەی رابردوو بازاڕی کاری ئەمریکا کە هێمای ئەوە بوون بازاڕی کاری ئەمریکا هێشتا بەهێزە ترسی لای بازرگانان دروستکردووە کە بانکی ناوەندی ئەمریکا بە رێژەی 0.75٪ ی دیکە سوودی بانکی بەرزبکاتەوە. ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای دۆلار و دابەزینی نرخی کاڵا و کانزاکان.”

هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 1668 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

نرخی زێڕ گۆڕانکارییەکی کەمی بەخۆیەوە بینی و هەر ئۆنسەیەک لە نزیک 1668 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی زێڕ رۆژی دووشەممە دابەزینی گەورەی بەخۆیەوە بینی و بە رێژەی 1.6٪ دابەزیبوو.

بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە لە رۆژی رابردووە بە رێژەی 0.2٪ بەرزبووەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای کاڵا و کانزاکان.

لایل براینارد، جێگری سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند کە بە هەر شێوازێک بێت بانکی ناوەندیی ئەمریکا پێویستە رێژەی هەڵاوسان کۆنترۆڵ بکات. لێدوانەکانی براینارد بەوە لێکدراوەتەوە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی ناوەستێت تا ئەو کاتەی هەڵاوسان کۆنترۆڵ دەکات و وەک چۆن رایانگەیاندووە دایدەبەزێنن بۆ نزیکەی 2٪.

ھەواڵی زیاتر