نرخی نەوت و زێڕ دابەزی 

دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت دابەزی و ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بڕیارەکەی هەفتەی رابردووی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بووە هۆکاری بەرزکردنەوەی نرخی نەوت بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی 5 هەفتەی رابردوودا. هەروەها نرخی زێڕیش دابەزی و هەر ئۆنسەیەک بە 1693 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە 10-10-2020 ، یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 81 سەنت دابەزی و بە 97 دۆلار و 11 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێك نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 76 سەنت دابەزی و بە 91 دۆلار و 88 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بەپێی شرۆڤەکاران دابەزینی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن بازرگانانی نەوت، بەوپێیەی دوای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، ئەمڕۆ بازرگانان هەوڵی فرۆشتنی نەوتیان داوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجەکانیان و بەوپێیەش نرخی نەوت دابەزیوە.

تینا تێنگ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (سی ئێم سی مارکێت) رایگەیاند: بەدەستهێنانی قازانج لەلایەن بازرگانانەوە هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی نەوتە.

لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای راوێژکاری ING سەبارەت بە بازاڕی نەوت رایگەیاند “کەمکردنەوەی قەبارەی خستنەڕووی نەوت لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە هەفتەی رابردوو نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە، بەتایبەتی لەو کاتانەدا کە وڵاتە ئەوروپییەکان گەمارۆیان خستووەتەسەر هاوردەکردنی نەوتی رووسیا.”

ING پێیوایە کە هێشتا نادڵنیایی زۆر لە بازاڕی نەوتدا هەیە و ئەگەری گۆڕانکاری خێرا لە نرخی نەوت هەیە.

نرخی زێڕ دابەزی

نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە درێژەی دا بە دابەزینەکانی رۆژی هەینی. 

بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە هەلی کاری ئەمریکا کە تیایدا دەرکەوت رێژەی بێکاری لە ئەمریکا دابەزیوە و ژمارەیەکی بەرچاو هەلی کار لەو وڵاتە رەخساوە، بووە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان چاوەڕێی بەرزکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە بکەن.

رۆژی دووشەممە هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.1٪ دابەزی و بە 1693 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

رێژەی بێکاری لە ئەمریکا دابەزیوە بۆ 3.5٪ و بازرگانان پێشبینی دەکەن سیاسەتی تووندی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت.

بەرزیی رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی تێچووی کڕین و وەبەرهێنان لە زێڕ بۆ بازرگانان گرانتر بێت و بەو هۆیەشەوە نرخی زێڕ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

هاوکات قەبارەی زێڕی یەدەگکراو لەلایەن گەورەترین سندووقی مامەڵەکردن بە زێڕەوە کە بە SPDR ناسراوە بە رێژەی 0.21٪ کەمبووەتەوە و دابەزیوە بۆ 944.31 تۆن و ئەوەش بەو واتایە سندووقەکە زێڕی زیاتری لە بازاڕی فیزیکیدا فرۆشتووە کە کاریگەری لە سەر دابەزاندنی نرخی زێڕ داناوە.

ھەواڵی زیاتر