پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

نرخی نەوت بەرزبووەوە

دوای ئەوەی رێکخراوی ئۆپێک بڕیاریدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی داهاتووەوە بە بڕی رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل کەمبکاتەوە، نرخی نەوت لە دوایین ساتی داخستنی بازاڕەکان لە هەفتەی رابردوو بەرزبووەوە.

نرخی نەوت بە رێژەی 3٪ بەرزبووەوە و گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی پێنج هەفتەی رابردوودا.

نرخی نەوتی برێنت 3 دۆلار و 48 سەنت بەرزبووەوە و بە 97 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 4 دۆلار و 18 سەنت بەرزبووە و بە 92 دۆلار و 63 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی نەوت لە کاتێکدا بەردەوام بووە لە بەرزبوونەوە کە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بەرزبووەتەوە و ئەوەش ئاماژەیە بەوەی کە تاوەکو چەند بڕیاری ئۆپێک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کاریگەری لەسەر بازاڕی نەوت داناوە.

ستێڤن برێنۆک، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (پی ڤی ئێم) رایگەیاند، “بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس نرخی نەوت دەگەیێنێتەوە نزیکەی 100 دۆلار.” 

نرخی زێڕ بە رێژەی 0.9٪ دابەزی

نرخی زێڕ لە دوایین ساتی داخستنی بازاڕەکاندا دابەزینی بەخۆیەوە بینی و هەر ئۆنسەیەک بە رێژەی 0.9٪ دابەزی و بە 1695 دۆلار و 40 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ بۆ بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە زیاتر لە ئاستی پێشبینییەکان بوو.

بەپێی ئاماری وەزارەتی کاری ئەمریکا لە مانگی 9 دا 263 هەزار هەلیکاری نوێ رەخساوە کە زۆر زیاتر بووە لە ئاستی پێشبینییەکان و رێژەی بێکاریش لە 3.7% وە دووبارە دابەزیوە بۆ 3.5%. 

راپۆرتی بازاڕی کاری ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی کە بازرگانان پێیانوابێت کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا دووبارە سوودی بانکی بە رێژەیەکی زیاتر بەرزبکاتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای دۆلار و دابەزینی نرخی کاڵا و کانزاکان.

تای وانگ، بازرگانی کانزاکان سەر بە کۆمپانیای ( هیرایۆس پریشیۆس مێتاڵ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، “ئەگەر نرخی زێر نەتوانێت پارێزگاری لە ئاستی 1695 بکات ئەوا ئەگەری هەیە دابەزێتەوە بۆ 1666 دۆلار.”