چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

نرخی نەوت و زێڕ بەرزبووەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی زێڕ بەهۆی دابەزینی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا بەرزبووەوە. هاوکات نرخی نەوتیش بۆ چوارەم رۆژی لەسەر یەکە ئاراستەی بەرەو بەرزبوونەوەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6-10-2022، نرخی زێڕ بە رێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە و، بە 1719 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. لەگەڵ ئەوەشدا بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئامارە بەهێزەکانی ئابووریی ئەمریکا سنووردار بوو.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کاری ئەمریکا کە لە رۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە، لە مانگی رابردوودا کۆمپانیا ئەمریکییەکان ژمارەی دامەزراندنەکانیان زیادکردووە.

ئەو ئامارانە بوونە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان چاوەڕێی هەڵوێستی تووندتری بانکی ناوەندیی ئەمریکا بکەن سەبارەت بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە داهاتوودا.

مێری دالی، سەرۆکی لقی سان فرانسیسکۆی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە ئاماژەی بەوە کرد، بانکی ناوەندیی ئەمریکا بە هەر شێوازێک و لە رێگەی هەر ئامرازێکەوە بێت هەڵاوسان کۆنترۆڵ دەکات، بەڵام رەنگە ئەو ئامرازانە لەسەرخۆ و بەکاربهێنێت. ئەوەش گومانی لای بازرگانان دروستکردووە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە داهاتوودا بەشێوازێکی تووند سوودی بانکی بەرزنەکاتەوە.

نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی نەوت بۆ ماوەی چوار رۆژی یەک لە دوای یەکە ئاراستەی بەرەو بەرزبوونەوەیە، بەرزبوونەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممەش دوای بڕیاری هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس دێت کە رۆژی چوارشەممە بڕیاریدا بڕی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی کەمتر بخەنە بازاڕەکانەوە.

ئەمڕۆ هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی برێنتی دەریای باکوور 22 سەنت بەرزبووەوە و بە 93 دۆلار و 59 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا بە هەمان شێواز 22 سەنت بەرزبووە و بە 87 دۆلار و 98 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بڕیاری کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت لەلایەن ئۆپێک پڵەس هاوکاتە لەگەڵ سەپاندنی گەمارۆ بەسەر رووسیا لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە کە بووەتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.

ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا بۆ کاروباری وزە لەدوای کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس رایگەیاند، رووسیا ئەگەری هەیە وەک وەڵامدانەوە بۆ گەمارۆکانی وڵاتانی ئەوروپی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی کەمبکاتەوە.

عەبدولعەزیز بن سەلـمان، وەزیری وزەی سعودیە رایگەیاند، لەبەرئەوەی هەندێ لە بەرهەمهێنەرانی نەوت بە کردەیی ناتوانن ئاستی بەرهەمهێنانی خۆیان کەمبکەنەوە، کەمکردنەوەی دوو ملیۆن بەرمیل بە کرداری نزیکەی 1.1 ملیۆن بەرمیلە. لەو بڕە نزیکەی 500 هەزار بەرمیلی لەلایەن سعودیەوە کەم دەکرێتەوە.

بڕیاری ئۆپێک پڵەس ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای ناڕازی کردووە. ئیدارەی بایدن رایگەیاند، بۆ ئەوەی نرخی نەوت زیاتر بەرزنەبێتەوە، یەدەکی ستراتیژیی نەوتی خۆی بەکاردەهێنێت و لەگەڵ کۆنگرێسی وڵاتەکەش کاردەکات بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی رێکخراوی ئۆپێک پڵەس لەسەر بازاڕی نەوت کەم بکاتەوە. 

بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:

100 دۆلار بەرامبەرە بە 147 هەزار و 975 دیناری عێراقی

یۆرۆ – دۆلار 0.991 EUR/USD

پاوەند – دۆلار 1.13 GBP/USD

دۆلار – لیرە 18.57 USD/TRY

یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 32 هەزار و 780 تمەن USD/IRR

یەک دۆلاری ئەمریکی: 60.23 روبڵی روو